قوباد تاڵەبانی هەڵوێستی لەسەر ڕێككەوتنی نەوتی هەرێم و عێراق ڕاگەیاند



دوای ڕێككەوتنی هەرێم و عێراق لەسەر پرسی هەناردەی نەوتی هەرێم بە ئامادەبوونی هەردوو سەرۆك وەزیران (مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی) جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم پەیامێك بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، گرنگ نییە کێ نەوت دەفرۆشێت، گرنگ ئەوەیە بتوانین موچەی مووچەخۆران دابین بکەین.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، “لەم بارودۆخەی ئێستادا، چ لەڕووی یاساییەوە بێت، چ لەڕووی دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدرالییەوە بێت، رێگایەکی تر لەبەردەم حکومەتی هەرێمدا نەبووە جگە لە رێککەوتن و رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە”.

ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر چی دەبوو پێشتر و بەڕەزامەندی خۆمان ئەم کارەمان بکردایە، نەک دوای بڕیاری دادگا نێودەوڵەتییەکان، بەڵام ئێستاش هەر بەهەنگاوێکی دروستی دەزانین لەپێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی یەکجاری ئەم کێشەیە لەداهاتوودا”.

دەشڵێت: “وەک پێشتر لەچەندین بۆنەدا جەختمان کردووەتەوە؛ گرنگ نییە کێ نەوت دەفرۆشێت، گرنگ ئەوەیە بتوانین موچەی مووچەخۆران دابین بکەین و خزمەتگوزاری پێویست پێشکەش بکەین و لەهەمانکاتدا هەنگاو بنێین بەرەو رێککەوتن لەسەر یاسای نەوت و گاز و پەسندکردنی یاسای بودجە و گێڕانەوەی سەقامگیری ئابوری لە هەرێمی کوردستان”.

قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاندووە، ئێستا کاتی ئەوە نییە خۆمان بە پاڵەوان دەرخەین، کاتی ئەوەیە دان بەهەڵەکانماندا بنێین بۆ ئەوەی بەڕوونی گرفتەکان ببینین و چارەسەریان بکەین لەپێناو خۆشگوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو نیازپاکییەی ئێستا هەیە وەک دەرفەتێک بقۆزینەوە هەموو لایەکمان هەوڵ بدەین یاسای نەوت و گاز و یاسای بودجە بە باشترین شێوە و لە نزیکترین ماوەدا پەسند بکرێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هەرێمی کوردستان لە ماوەی نزیکەی 10 ساڵی رابردوودا زیانی گەورەی بەرکەوت، گەشەی ئابوری و بەشێکی زۆری پڕۆژەکان وەستان، پێدانی موچەی موچەخۆران تووشی گرفت بوو، لەو ماوەیەدا بەهۆی ناسەقامگیری و نەبوونی بەرچاوڕوونی لە داهات، هەرێمی کوردستان بەبێ یاسای بودجە بەڕێوەچووە، هەموو ئەمانەش هۆکاربوون بۆ کەمبوونەوەی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکان، بۆیە لەمەودوا هیچ بیانوویەک نامێنێت لەبەردەم پەسەندکردنی بودجەیەکی شەفاف لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە.

جێگری سەرۆك وەزیران هەر لە پەیامەكەیدا دەڵێت: “لە ئێستا بە دواوە و لە دوای ئەم رێککەوتنە، گەشبینین هەموو لایەکمان بە ئەزمون وەرگرتن لە رابردوو هەوڵەکانمان چڕبکەینەوە بۆ بونیادنی حکومڕانییەکی دروست و متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکان بەهێز بکەینەوە. پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان وەگەربخەینەوە، لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا شەفافییەت پەرە پێ بدەین و دادپەروەری لە دابەشکردنی داهات و خزمەتگوزارییەکان لەنێوان هەموو پارێزگاکاندا بەبێ جیاوازی دابین بکەین”.

جەختیشی كردۆتەوە، لە دوای نزیکەی 10 ساڵ قەیران و ناخۆشی، ئێستا دەرفەتێکی زێڕین هاتووەتە ئاراوە، پێشتر زۆرجار دەرفەتەکان لەباردەچوون، هەربۆیە دەبێت هەموو لایەکمان بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دەرفەتەدا بکەین، نەک هەر نەهێڵین لەبار بچێت، بەڵکو بیقۆزینەوە بۆ راستکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو و گەڕاندنەوەی هیوا بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

وەبەرهێنەران: ڕیككەوتنی هەرێم و بەغدا كەرتی تایبەت بەهێز دەكات
پێت وەبەرهێنەران: ڕیككەوتنی هەرێم و بەغدا كەرتی تایبەت بەهێز دەكات
كڵوپ: بە 4 یاریزان و نیوەوە ڕووبەڕووی مان سیتی بوینەوە
دوات كڵوپ: بە 4 یاریزان و نیوەوە ڕووبەڕووی مان سیتی بوینەوە
پەیوەنیدر