سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەپەیامێكدا پێشوازی لە ڕێككەوتنەكەی هەولێر و بەغدا دەكات و ڕایدەگەیەنێت، گەلی كوردستان ساڵانێكی سەختی لە قەیرانی تاقەتپڕوكێن بە هۆی ململانێكانی تایبەت بە دۆسیەی نەوت تێپەڕاند، دەشڵێت: “حكومەتی هەرێم پێویستە پرۆژە یاسای بودجە لە ئێستا و داهاتوشدا بنێرێتە پەرلەمان”.
ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “دوابەدوای چارەسەركردنی دۆسیەی نەوت و غازی هەرێم لەنێوان حكومەتی ئیتیحادی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەرلەمانی كوردستان پێشوازی لە ڕێككەوتنەكە دەكات و بەگەرمی پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و عێراق دەكەین، هیوادارین ببێتە سەرەتای لێكتێگەیشتنی باش و هاوبەش سەبارەت بە هەمو دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی دیكە لە نێوان هەولێر و بەغدا”.
دەشڵێت: “گەلی كوردستان ساڵانێكی سەختی لە قەیرانی تاقەتپڕوكێن بە هۆی ململانێكانی تایبەت بە دۆسیەی نەوت تێپەڕاند، بۆیە میللەتەكەمان چاوەڕوانی ئەوەی لە هەموو لایەكمان هەیە، كە قۆناغێكی نوێی دڵنیایی و ئارامی بەرقەرار بكەین و دادپەروەریی لە نێوان چین و توێژەكانی كۆمەڵگە و تەواوی شار و شارۆچكەكاندا بێتەدی”.
ڕاشیگەیاندووە، “بۆ ئەو مەبەستە و دوای دڵنیابون لە سەرچاوەكانی داهاتی هەرێم، وەك چۆن پێداگری لەسەر شایستەییەكانی هەرێمەكەمان لە ناو بودجەی دەوڵەتی عێراق ئەكەین و وەك سەنەدی دەستوری و یاسایی بۆ بەدەستهێنانیان پشت بە یاساكەی دەبەستین، دەبێت بە هەمان لۆژیك و بنەما پێداگر بین لەسەر ئەوەی كە حكومەتی هەرێم پێویستە پرۆژە یاسای بودجە لە ئێستا و داهاتوشدا بنێرێتە پەرلەمان و هەمومان پابەندییە یاساییەكانی خۆمان لەو ڕوەوە جێبەجێ بكەین”.