هەرێم و عێراق لەسەر پرسی نەوت و بودجە ڕێككەوتن و یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێم دەڵێت: “گوزەران و ژیانی خەڵکی کوردستان لەمڕۆوە باشتر دەبێت”.
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندووە، دەستكەوتێكی گرنگ بەدەستهاتووە و لەگەڵ گەڕانەوەی شاندەكە لە بەغدا لیستی مووچە بڵاودەكرێتەوە.
وتیشی، “مووچە هیچ مەترسییەکی لەسەر نەما و گوزەران و ژیانی خەڵکی کوردستان لەمڕۆوە باشتر دەبێت و ئەوەی لەتوانادابووە کراوە و دەکرێت”.
لەدوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كۆتایی هاتن بە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕاگەیەنرا.
مەسرور بارزانی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ڕایگەیاند، سوود لەم ڕێککەوتنە وەردەگرین بۆ یاسای نەوت و گاز. بنەماکانی ئەم ڕێککەوتنە لە بودجە و یاسای نەوت و گاز ڕەنگ دەدەنەوە.
لای خۆشیەوە، محەمەد شیاع سودانی وتی، “لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگەی پاریس، هەناردەکردنی نەوت ڕاگیرابوو. ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت زیانی بە هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە”.