یەکێتی نووسەرانی جینۆساید داوا دەکات بەدواداچوونی جدی و زانستی بۆ کەیسی جینۆسایدی کوردانی فەیلی بکرێت هەروەها تاوانەکەش لە سەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و لە هەمانکاتدا قەرەبووی کەس و کاری قوربانیان بکرێتەوە..
یەکێتییەکە لە ساڵڕۆژی جینۆسایدی کوردانی فەیلی راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:” لەگەڵ داوای لێبوردنی فەرمی لە لایەن حکومەتی عێراقیەوە وەکو میراتگری حکومەتی پێشوو. سەرەڕای دۆکۆمێنت و ئەرشیف کردنی تاوانەکە و دروستکردنی مۆنۆمێنتێک کە شایان بە قوربانییەکان بێت، جەخت دەکەینەوە کە پێویستە رەگەزنامە بدرێتەوە بەھەموو ئەوانەی ھێشتا مافی ناسنامەیان بۆ نەگەڕێنراوەتەوە”.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە فەیلییەکان ھێشتا لەناوچەی مەندەلی و بەدرەو جەسان و قەزانیە و دەشتی قەرەڵوس مەترسی کۆمەڵکوژی و تاوانیان لەسەرە، چونکە ناوچەکەیان بەگشتی و گەرمەسێر بەتایبەتی گروپی لەیاسا دەرچوو گروپی تیرۆریستی تێدا ھەیە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە ئاستی دۆکیۆمێنتکردن و نوسینەوەی مێژووی دەوڵەمەندی فەیلی و قوربانیەکانیان کەمتەرخەمی گەورە لەلایەن دەسەڵاتە گشتیەکانی کوردستان و عیراقەوە بەدیدەکرێت.
دەقی راگەیەنراوی یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان
بۆ سالڕۆژی جینۆساید کردنی کوردانی فەیلی
کوردی فەیلی وەک پێکھاتەیەکی گرنگی کوردستانی و عیراقی لە مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە ستەمی زۆریان بەرامبەر کراوە. فەیلییەكان پێكهاتەیەكی رەسەنی نەتەوەیی كوردن(شێوەزاریان کەڵهوڕە) لە دێر زەمانەوە لە سەر خاكی كوردستاندا ژیاون لە هەردوو بەشی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و مێژوویکی دێرینیان هەیە، یەکەم گرفتیش کە لە عێراقدا ڕووبەڕوویان بوویەوە تۆمارکردنیانبوو وەک هاوڵاتی پلەدوو کە گوایە تەبەعییەتی ئێرانیان هەیە، لەبەرامبەر هاوڵاتی پلە یەک کە تەبەعیەتی عوسمانییان هەبوو، بە پێی یەکەمین بڕیاری یاسایی کە بۆ هاوڵاتیانی عێراقی دەرچوو بە ژمارە (٤٢) ی ساڵی (١٩٢٤)و یەکەم پرۆسەی راگواستن و لە ناوبردنی کوردانی فەیلیش لە ساڵی (١٩٣٦) دەست پێدەکات لە سەردەمی حکومەتی تەها یاسین هاشمی، پاشان لە ساڵی (١٩٦٨)دا کە بەعسیەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست دەستیان کرد بە پیلانی دارێژاو بە چەندین قۆناغی جیاوازە (دەرکردن و راگواستن و بێسەرشوێنکردن ).
لە ساڵی (1970) ڕژێمی بەعسی نزیکەی (40000) چل هەزار كوردی فەیلیی بۆ ئێران ڕاگواست بە بیانووی ئەوەی ڕەچەڵكەیان ئێرانییەو لە سەر خاك و ئاو خۆیان دوورخرانەوەو بوونە قوربانی . دەركردنی بە كۆمەڵی كوردە فەیلی بۆ ئیران و دەست بەسەراگرتنی موڵك و ماڵ، حیسابی بانكی ، زەوت كرانی دواتریش ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆڕش كە گەورەترین دەسەڵاتی بەعسییەكان بوو بڕیاری (666) لە رێكەوتی (7/5/1980) لە رۆژنامەی رووداوەكانی عێراق (الوقائع العراقیە )ی ژمارە (2776) لە رێكەوتی (26/5/1980) دا بڵاوكردەوە و كورتەی بڕیار كەیش ئەوەبوو هەر هاوڵاتییەكی عێراق بە رەسەن بێگانە بێت، رەگەزنامەی عێراقی لێدەسەنرێتەوە، لە سەر وەزیری ناخۆیە فەرمان بدات رەگەزنامەی عێراقیان لێبسەنرێتەوە و دواتر هێرشی بە زۆر ملێی گواستنەوەی كوردانی فەیلی لە (4 ی نیسان 1980) دا بە مەبەستی سڕینەوەی تەواوی كوردی فەیلی ئەنجامدرا، لەم قۆناغەدا زیاتر لە (20000) بیست هەزار گەنجی كوردی فەیلی تەمەنی (18=28) ساڵ گۆڕەوشار كران، ھێشتا چارەنوسیان نادیارە.
زیاتر لە (400000) چوارسەد هەزار كەس بە گوێرەی راپۆرتی ئەمنستی ئەنتەرناشنال، هەموو موڵك و ماڵ و ناسنامەیەکیان لێسەندەرایەوەو ڕەوانەی ئێران كران.
دوای ڕووخانی بەعس و یەكەم دانیشتنی دادگا سەبارت بە كەیسی جینۆسایدی كودانی فەیلی لە (16/1/2009) ئەنجام درا . پاش (44) چل و چوار دانیشتن، دادگا لە (29/1/2009 ) كەیسی كوردانی فەیلی بە جینۆساید ناساند . پاشان دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق دوای پێداچووونەوە لە بەرواری (10/5/2011 ) كەیسەكەی بە جینۆساید ناساندەوە بە بریاری دادگا لە بەغداد ژمارە (12) ت (2011) لە بەرواری (10/(/2011) و ئەم تاوانباران بەشدار بوون لە دادگای :
1)سەعدون شاكر محمود
2)مزبان خزر هادی
3)تاریق عەزیز عیسا
4)عەزیز ساڵح حەسە .
لە کۆتاییداو لەدوای وەرگرتنی بریاری دادگای باڵای تاوانە کانی عێراق ناساندی تاوانی جینۆسایدی کوردانی فەیلی کە لایەن رژێمی و حکومەتی پێشوو عێراقەوە ئەنجام دراوە، بەداخەوەو ئەم دۆسیەیە وەکو خۆیەتی هیچ بەرەو پێشچوونێکی بە خۆیەوە نە دیوە و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، بێباکی و بێ خەمی حکومەتی عێراقی بەرامبەر بەم دۆسیەیە لە ئارادایە .
یەکێتی نووسەرانی جینۆساید داوا دەکات بەدواداچوونی جدی و زانستی بۆ ئەم کەیسەی جینۆساید بکرێت و ناساندنی تاوانەکە لە سەر ئاستی ناوخۆیی و نیودەوڵەتی و لە هەمان کاتدا قەرەبووی کەس و کاری قوربانیان بکرێتەوە، لەگەڵ داوای لێبوردنی فەرمی لە لایەن حکومەتی عێراقیەوە وەکو میراتگری حکومەتی پێشوو. سەرەڕای دۆکۆمێنت و ئەرشیف کردنی تاوانەکە و دروستکردنی مۆنۆمێنتێک کە شایان بە قوربانییەکان بێت .
جەخت دەکەینەوە کە
پێویستە رەگەزنامە بدرێتەوە بەھەموو ئەوانەی ھێشتا مافی ناسنامەیان بۆ نەگەڕێنراوەتەوە.
فەیلیەکان ھێشتا لەناوچەی مەندەلی و بەدرەو جەسان و قەزانیەو دەشتی قەرەڵوس مەترسی کۆمەڵکوژی و تاوانیان لەسەر چونکە ناوچەکەیان بەگشتی و گەرمەسێر بەتایبەتی گروپی لەیاسا دەرچوو گروپی تیرۆریستی تێدا ھەیە.
لە ئاستی دۆکیۆمێنتکردن و نوسینەوەی مێژووی دەوڵەمەندی فەیلی و قوربانیەکانیان کەمتەرخەمی گەورە لەلایەن دەسەڵاتە گشتیەکانی کوردستان و عیراقەوە بەدیدەکرێت.
یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان