سەرۆكی پارتی سۆشیال دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت،چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا لە ئێستادا كاتین، كاتێك كێشەی هەولێر و بەغدا چارەسەر دەبێت، كە كورد سەربەخۆ بێت، دەشڵێت: “لەم هەفتەیەدا بەبۆنەی مانگی ڕەمەزانەوە لە سەرۆكایەتی هەرێم خوانێك بۆ لایەنە سیاسیەكانی هەرێم ڕێك دەخرێت”.
محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆشیال دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ لێك نزیك كردنەوەی یەكێتی و پارتی هەوڵیداوە لە نێوانیاندا ئەو كاتە هەندێك هەنگاونرا پێكەوە، بەڵام ماوەیەكە وەستاوە، بەڵام پەیوەندییان هەیە لەڕێگەی تەلەفونەوە.
ڕاشیگەیاند، وەك ڕێككەوتن، یەكێتی و پارتی هێشتا نەگەشتونەتە سیاغێكی كۆتایی تا چارەسەرێكی كێشەكان بكەن.
وتیشی،”چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا لە ئێستادا كاتین، كاتێك كێشەی هەولێر و بەغدا چارەسەر دەبێت، كە كورد سەربەخۆ بێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێرە وڵاتی قەدەرە، ئەگەر هەموو لایەنەكان پێكەوە بگەنە ڕێككەوتن هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە دەچێت لەو بەروارەی كە سەرۆكی هەرێم دایناوە، ئەگەر ڕێكنەكەون لەو بەروارە هەڵبژاردن ئەنجامنادرێت.
ئاشكراشیكرد، كە ڕەنگە لەم هەفتەیەدا بە بۆنەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەوە لە سەرۆكایەتی هەرێم خوانێك بۆ لایەنەكان ساز بكرێت.