كۆبوونەوەی تایبەتی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵ لە بەغدای پایتەخت دەستیپێكرد.
ئەمڕۆ دوو شەممە، كۆبوونەوەی نێوان شاندی حكومەتی هەرێم و شاندی وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵی دەستیپێكرد و ئامانج لە كۆبوونەوەكەش، تاوتوێكردنی بڕیارەكەی دادگای پاریسە بۆ ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان، لەگەڵ تاوتوێكردنی تانەكەی.
بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەكان، مەرجەكانی ڕێككەوتنەكە لەدوای گەیشتن بە ڕێككەوتنی شاندی تەكنیكی لەسەر چۆنیەتی فرۆشتنی نەوت و دانانی پارەكە لە بانكێكدا ڕادەگەیەنرێت.
ئاماژە بە پێكهێنانی لیژنەیەكی چوار ئەندامی دەكرێت لە نێوان هەولێر و بەغدا كە دوو ئەندامیان سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دوو ئەندامەكەی تریش سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق دەبن.
لیژنەكە وەك باس دەكرێت، سەرپەرشتی هەناردەكردن و بەبازاڕكردنی نەوتی هەرێم دەكات و لەژێر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستاندا دەبێت، وێڕای كردنەوەی هەژماری بانكی لە بانكی ناوەندی عێراق كە تایبەت دەبێت بە داهاتی نەوتی هەرێم، بەمەرجێك ئەو هەژمارە بانكییە كەسێك بۆ ڕاكێشانی پارەكە دیاری بكات.