پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، ئەگەر كۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم هەناردە بكات، ئەوا دەتوانرێت مووچە لەكاتی خۆیدا دابەش بكرێت و پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانیش دەستپێبكاتەوە.
د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، هەرێمی كوردستان ناتوانێت بە داهاتی ناوخۆ مووچە دابین بكات، بۆیە دەبێت هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە و بەغداش پێویستی بەوە هەیە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر كۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشێت، ئەوا بە نرخی جیهانی دەیفرۆشێت لە كاتێكدا ئەگەر هەرێمی كوردستان خۆی نەوتەكەی بفرۆشێت بە 15 دۆلار كەمتر لە نرخی جیهانی دەیفرۆشێت.
ئەو پەرلەمانتارە جەختیشی كردۆتەوە، “هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگای سۆمۆوە هۆكارێكە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران دوانەكەوێت و لەكاتی خۆیدا دابەشبكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانێت پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستپێبكاتەوە، كە ماوەی چەند ساڵێكە وەستێنراوە”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە دوای بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی پاریس لە دژی توركیا لە 25ی ئادار، هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیرا و لە ئێستادا گفتوگۆی چڕ لەنێوان هەولێر و بەغدا دەستی پێكردووە بۆ ڕێككەوتن لەسەر دۆسیەی نەوت و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و بە وتەی بەرپرسانی هەرێم، “ڕێككەوتن كراوە بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی سۆمۆوە و داهاتەكەی ڕاستەوخۆ بدرێتە هەرێم” و هاوكات وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت: “نەرمیمان نوواندووە و هیوادارین بگەینە ڕێككەوتن و هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە”.