دوو ڕۆژە بەرپرسانی هەرێم چەندین لێدوانیان سەبارەت بە ڕێككەوتن لەسەر پرسی نەوتی هەرێم داوە، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت: “هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی” و هاوكات بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمیش دەڵێت: “ڕێككەوتنەكە تا پەسەند كردنی یاسای نەوت و غاز دەبێت”.
دوابەدوای بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی پاریس لە دژی توركیا سەبارەت بە نەوتی هەرێم، هەناردەی نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانەوە ڕاگیرا و ئەوەش وایكرد شاندێكی هەرێم بەپەلە بگاتە بەغدا و گفتوگۆكان دەستپێبكەن بۆ ڕێككەوتن لەسەر ئەو پرسە و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بەو پێیەی زیاتر لە 90%ی داهاتی هەرێم لەسەر هەناردەی نەوتە.
لە ئێستاشدا بە چەندین لێدوانی جیاواز، بەرپرسانی هەرێم جەختیان لە ڕێككەوتن كردۆتەوە لەگەڵ بەغدا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و هەر ئەمڕۆش بێوار خنسی، راوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێم بۆ كاروباری وزە ڕایگەیاند، لە 24 كاتژمێری داهاتوودا هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت ڕێككەوتنێك واژۆ دەكەن بۆ ئەوەی دووبارە دەست بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە بكرێتەوە.
لای خۆشیەوە، لاوك غەفوری، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان لەگەڵ ڕاگەیاندنی بیانی لە حكومەتی هەرێم لە تویتەر نووسیویەتی، “دوای چەندین كۆبوونەوە لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی عێراق، گەیشتوون بە ڕێككەوتنی بنچینەیی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەم هەفتەیەدا لە بەندەری جەیهانەوە”.
ڕاشیگەیاندووە، “ئەم ڕێككەوتنە كاری پێ دەكرێت تاوەكو پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسای نەوت و غاز پەسەند دەكات”.
ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی هەرێم لەكاتێكدایە، كە هێشتا حكومەتی عێراق ڕێككەوتنی بە فەرمی لەگەڵ هەرێم سەبارەت بە دۆسیەی نەوت ڕانەگەیاندووە و وەزارەتی نەوتی عێراق هێشتا “هیوا دەخوازێت بگەنە ڕێككەوتن”.
وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی ڕێككەوتنیان لە گەڵ هەرێم لەسەر پرسی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، هیوادارین بەم زووانە لەسەر نەوتی هەرێم بگەین بە ڕێككەوتن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، سوورن لەسەر پەلەكردن لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە، بۆ ئەو مەبەستەش نەرمییان نواندووە بۆ دەستپێكردنەوەی ھەناردە.
تورکیا لە 25ی ئازاردا ڕۆیشتنی نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە لە کێڵگەکانی کەرکوک لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان ڕاگرت، ئەوەش دوای ئەوەی دۆسیەیەکی دۆڕاند، کە بەغدا لەبەردەم دەستەی ناوبژیوانی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس تۆماری کردبوو.
لە دانیشتنەکەدا عێراق، تورکیای تۆمەتبار کرد بەوەی ڕێککەوتنی بۆرییەکانی ساڵی 1973ی پێشێلکردووە، بە ڕێگەدان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت بەبێ ڕەزامەندی بەغدا لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018.
ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لەكاتێكدایە، كە حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2014ەوە جاڕی ئابووری سەربەخۆی دا و بەبێ ڕەزامەندی حكومەتی فیدڕاڵی دەستی بە هەناردەی نەوت كرد بۆ جیهان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە ئەوەش بەپێی ڕێككەوتنێكی 50 ساڵی لەگەڵ توركیا.