هەمیشە وا ڕاهاتووین لە یادكردنەوەی لەدایكبوونەكاندا كێك و شیرینی پێشكەش بكرێت، بەڵام بە بڕوای پارێزەرانی ژینگە لە یادەكاندا و بۆ پاراستنی ژینگە باشتر وایە نەمام بچێندرێت.
گەنجێكی دەربەندیخان هەموو ساڵێك لە یادی لەدایكبوونیدا هێندەی ساڵەكانی تەمەنی درەخت و نەمام دەچێنێت ئەمساڵیش بەهۆی چوونە نێو 27 ساڵی تەمەنییەوە 27 نەمامی.
بیلال حەسەن، پارێزەری ژینگە و ئەندامی ڕێكخراوی سروشتی كوردستان دانیشتووی شارۆچكەی دەربەندیخانە بەهۆی چوونە نێو 27 ساڵی تەمەنییەوە 27 نەمامی چاند.
ئەو پارێزەرەی ژینگە لەبارەی ئەو یادی لەدایكبوونەیەوە بۆ (خەڵك) دەڵێت، هەموو ساڵێك لە كاتی یادكردنەوەی لەدایكبوونمدا درەخت و نەمام لە پیناوی پاراستنی ژینگەدا دەچێنم/ ئەمساڵیش لەڕێگەی قوتابیانی پۆلی یەكەمی بنەڕەتی قوتابخانەی هەرێز 27 نەماممان چاند.
لەبارەی ئامانجی ئەو كارەیەوە بیلال دەڵێت، ئامانجم لەم كارە گەیاندنی پەیامی خۆشویستنی ژینگەیە لە ڕێگەی نەمام چاندنەوە بۆ منداڵان تا لەم ڕێگەیەوە ژینگەیان لا خۆشەویست بێ و ئاشنای سروشت و ژینگەبن و پەیامی پاكڕاگتنی ژینگەمان پێ گەیاندن.
ئەو هیوادارە هاووڵاتییان لە یادكردنەوەی لەدایكبوونیاندا لەبری شیرینی نەمام بچێنن و دەڵێت، ئامانجێكی دیكەش لەم چالاكییە ئەوەیە ئەم جۆرە كارانە وەك نەریتێكی لێبێت هاووڵاتییان لەیادی لەدایكبوونیان لەبری شیرینی نەمام بچێنن، چونكە نەمام دەمێنێتەوە و خزمەتێگی گەورەیە بۆ ژینگەكەمان، بەهیواین هەمووان هاوكاربن لە سەوزكردنی سروشتی كوردستان.