پارتی جگە لەكورسی كۆتاكان بەزۆربەی داواكارییەكانی یەكێتی ڕازی بووە ‌



ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هیچ شتێكی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردن نەماوەتەوە لەگەڵ یەكێتی لەسەری دابنیشن، چونكە پێش پشووەكانی جەژنی نەورۆز لەسەر هەموو شت ڕێككەوتوون، جگە لە كورسی كۆتاكان.

عەبدولسەلام بەرواری، ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی، بە دەنگی (ئەمریكا)ی ڕاگەیاندووە، لەگەڵ یەكێتی پێش پشووەكانی نەورۆز هەموو شتمان تەواو كردووە، لەسەر خاڵە سەرەكییەكانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن ڕێككەوتووین.

وتیشی،” لەو دانیشتنەدا یەكێتی داویكرد هەڵبژاردن بە شێوەی چوار بازنەیی بێت، وتمان باشە، داوایانكرد كورسییەكانی هەر پارێزگایەك بە پێی ئاماری عێراق بێت، وتمان باشە، باسی لیستی تێكەڵ و داخراو كرا، وتمان باشە، سەبارەت بە كورسی پێكهاتەكانیش هاتنە سەر ئەو ڕایەی مەسەلەكە بۆ پێكهاتەكان جێ بهێڵرێ، كە چۆنیان دەوێت”.

ڕاشیگەیاندووە، تیمی تەكنیكی یەكێتی و پارتی دانیشتین بۆ داڕشتن، لە پڕێكدا چەند مادەیەكیان هێنا، ئێمە وتمان ئەمە ناكرێ، هەندێ شتیان هێنابوو دەكرا بە ڕێنمایی لەلایەن كۆمیسیۆنەوە دەربچێت، هەندێ داواكاریش هەبوو یاسایی نەبوو، مەسەلەن تۆ ناتوانیت لە دەقی یاسایەكی هەرێم بنوسیت، پێویست كۆمیسیۆنی بەغدا وابكات و وانەكات، هەندێ شتی بچووك مابوو داومانە بەسەرووی خۆمان.

ئاشكراشیكردووە، كە یەكێك لە جیاوازییە گەورەكانی یەكێتی و پارتی ئەوەیە، كە سەرۆكی هەرێم پێویستە پێش 6 تا 9 مانگ بڕیار بدات، ئەو بە ئەركی خۆی هەستاوە، ئێمە نۆ مانگمان لە پێشە، گەر لەو نۆ مانگەدا ڕێكنەكەوین، كەی ڕێكبكەوین.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە ئەگەر ئەم هەفتەیە ئێمە و یەكێتی دابنیشین و شتی تازە نەهاتە پێشەوە، دەتوانین پرۆژەیەكی هاوبەش یان دیدگایەكی نزیك پێشكەش بكەین، ئەوكات كاری لیژنەی یاسایی پەرلەمان ئاسان دەبێت، لەڕووی تیۆرییەوە دەكرێت لەم هەفتەیە هەموو شت تەواو ببێت.

“زووتـر لـەگەڵ بەغدا رێکەوتبان ئەمڕۆ پێویستتان بەم بەپەلە تەسلیمبوونە نەدەبوو”
پێت “زووتـر لـەگەڵ بەغدا رێکەوتبان ئەمڕۆ پێویستتان بەم بەپەلە تەسلیمبوونە نەدەبوو”
عەبدوڵا كوێخا موبارەك؛ مەسرور بارزانی سوارچاك و ڕەمزی خۆ ڕاگری بوو
دوات عەبدوڵا كوێخا موبارەك؛ مەسرور بارزانی سوارچاك و ڕەمزی خۆ ڕاگری بوو
پەیوەنیدر