بڕیارە سبەینێ پەرلەمانی عێراق بۆ خوێندنەوەی پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە كۆببێتەوە و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمیش دەڵێت: “دەچێتە پەرلەمان و ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلمان ئامادە و چاپ کردوە لەسەر چوارچێوەی دەستووریی و یاسایی وئیداریی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەپێناو لۆبی كردن بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساكە”.
ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە نووسینێكدا بەناونیشانی “بەتەنیا جێت ناهێڵین” ئاماژەی بەوەكردووە، ڕۆژی یەک شەممە ٢-٤-٢٠٢٣ ئامادە دەبین لە بەغدا لە کۆبونەوەی ژمارە ١٧ ی پەرلەمان لەگەڵ دڵسۆزانی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان لە خزمەت فراکسیۆن و کوتلە جیاوازەکان، کە وا بڕیارە کاتژمێر ٨:٣٠ ئێوارە كۆبوونەوەكە دەست پێ بکات و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاساکە بکرێت وەک لە بڕگەی دووەمی ئەجێندەکە هاتووە، لە پێناو لۆبی کردن بۆ زوو تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای هێنانە کایەی پارێزگای هەڵەبجە لە کۆماری عێراق و پێدانی سیفەتی بەپەلە (استعجال) بە پڕۆژە یاساکە.
ڕوونیشی كردۆتەوە، بە زمانی عەرەبیش ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلمان ئامادە و چاپ کردوە و دابەشی دەکەین بەسەر سەرۆک کوتلە و ئەندام پەرلەمانەکاندا، کە تیایدا چوارچێوەی دەستووریی و یاسایی و ئیداریی و قۆناغەکانی بابەتەکەمان خستۆتەڕوو بە خستنەڕووی ئەو ماددە دەستوریانەی پشتیوانی پڕۆژەکە دەکات و هەموو ئەو بڕیار و دۆکیۆمێنتانەی، کە پێشتر بۆ ئەم بابەتە دەرچوون لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم.
جەختیشی كردۆتەوە، هەر لە ڕاپۆرتەكەدا ژێرخانی ئیداری پارێزگاکە و کورتەیەک لە مێژووی هەڵەبجە و قوربانیەکانی و پڕۆژە و پێداویستیەکانی هەڵەبجە خراونەتەڕوو لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانەوە و وەبەرهێنان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ڕۆڵەکانی ئەو شارە بریندارە تا لە پڕۆژە یاسای بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ جێیان بکەینەوە.
دەشڵێت: “ئومێدەوارم پڕۆژە یاسای پارێزگابوونی هەڵەبجە لە پێش تێپەڕبوونی یاسای بوودجەی فیدڕاڵ بێت تا هەڵەبجە سوودمەند بێت لە یاسای بوودجە وەک لە ماددەی ١١٢ ی دەستوور هاتووە هەڵەبجە شایستەی بوودجەیەکی ئیزافیە بۆ قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەو زیان و وێرانکارییەی لەسەر دەستی ڕژێمە لەناوچووەکان و تاوانی جینۆساید بەسەر یدا هاتووە”.