بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئەگەری هەیە ئەمشەو شەپۆلەكانی بەفربارین ڕوو لە ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای هەولێر و سلێمانی بكەن و پلەكانی گەرما نزمببنەوە، ئاماژە بە مانەوەی كاریگەریی شەپۆلەكەش دەكات تا رۆژی دووشەممەی داهاتوو.
ئاسۆ كەمال بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی سلێمانی ڕایگەیاندووە:”ئەم شەپۆلی باران و بەفرەی رووی لە ناوچەكانی هەرێم كردووە بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەكی ساردەوەیە كە لە توركیاوە هاتووە”.
بە وتەی ئاسۆ كەمال:”لە ئێستادا لە چەند ناوچەیەكی شاخاویی سنووری قەزای ئامێدی بەفر دەبارێت و ئەم دابارینە تاوەكو رۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت و لە رۆژی دووشەممە كاریگەریكەی بە تەواوی نامێنێت”.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی سلێمانی دەڵێت:”ئەگەری هەیە ئەمشەو شەپۆلەكانی بەفربارین ڕوو لە ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای سلێمانی و هەولێر بكەن و پلەكانی گەرماش بە شێوەیەكی بەرچاو نزمببنەوە”.
پێشتر بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی هەرێم ڕایگەیاندبوو، بارستە هەوایەكی سارد لە توركیاوە روو لە هەرێم دەكات و كاریگەریكەشی لەسەر سنووری پارێزگای دهۆك دەبێت و بەهۆیەوە لە ناوچە شاخاوییەكان بەفر دەبارێت و پلەكانی گەرما نزمدەبنەوە بۆ سفری سەدی.