فەرمانگەی بەرگری شارستانی موسڵ، دۆزینەوەی 12 تەرم لە شارەكەدا ڕادەگەیەنێت و ئاماژە بە ڕەوانەكردنی تەرمەكانیش دەكات بۆ پزیشكی دادوەریی.
ئەمڕۆ هەینی، فەرمانگەی بەرگری شارستانی موسڵ ڕایگەیاند”12 تەرم دۆزراونەتەوە و دواتر ڕەوانەی پزیشكی دادوەریی كراون”، بەپێی زانیارییەكانیش، تا ئێستا تەرمەكان ناسنامەیان دیار نییە و نازانرێت تەرمی چەكدارانی داعشن یان هاووڵاتی ئاسایین.
سەرچاوە خۆجێییەكانی موسڵ دەڵێن، ڕێكەوتی دیارنەمانی تەرمەكان بۆ ساڵی 2017 دەگەڕێتەوە، كاتێك پرۆژەی ئازادكردنی موسڵ لەلایەن سوپای عیراق و هێزە ئەمنییەكانەوە بۆ ڕزگاركردنی شارەكە لە جنگی داعش بەڕێوەدەچوو.
چەكدارانی داعش لە ساڵی 2014 پارێزگاكانی نەینەوا و ئەنبار و بەشێك لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین و دیالە و كەركوكیان كۆنترۆڵ كرد و ماوەی سێ ساڵ لەو سنوورانەدا مانەوە و ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتی ئەو ناوچەیەیان كۆمەڵكوژ كرد، بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكان، لەدوای ئازادكردنی موسڵ، بەرگریی مەدەنی شارەكە، دوو هەزار و 700 ڕووفاتی هەڵگرتووەتەوە كە زیاتر لە دوو هەزار و 500یان ڕووفاتی هاووڵاتیانی مەدەنین.