هەردوو باڵی کۆمەڵە یەکگرتنەوەیان راگەیاند



هەر دوو باڵی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران یەکگرتنەوەیان راگەیاند.

دوای 15 ساڵ جیابونەوە و کارکردن لە چوارچێوەی دوو حزبی سیاسیدا، هەردوو کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران یەکگرتنەوەیان راگەیاند و لە راگەیەنراوێکیشدا دەڵێن، کورد بەیەکگرتویی دەتوانێت لە داهاتوی ئێراندا رۆڵی بەرچاوی هەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەن لەگەڵ هەموو لایەنەکانی دیکەی ئێراندا کاری هاوبەش ئەنجام بدەن.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی کە دوای یەکگرتنەوەیان ناوەکەیان بووە بە (کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران) و دەشڵێن:” ئەزمونی کاری هاوبەشمان لە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران پاڵنەرمان بووە و دەبێ بۆ پتەوکردنی ناوەند وەک چەترێکی گشتگیر. تێدەکۆشین بە یەکگرتویی نیشتمانیی بەرین لە کوردستاندا سەرنجی بیروڕای گشتی گەلانی ئێران و جیهان بۆ دۆزی کورد ڕابکێشین.”

دەقى راگەیەنراوەکە:

راگەیاندنی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی کۆمەڵە

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

بنەماڵەی ئازیزی گیانبەختکردوانی کۆمەڵە!

هۆگران، دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان!

خەڵکی تێکۆشەر و ڕاپەڕیوی ئێران!

حیزب و رێکخراوە و کەسایەتیە ئازادیخوازەکان!

بەمجۆرە ڕایدەگەیەنین دوو باڵی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی لێک دابڕابووین، دوای ساڵ و نیوێک دیالۆگی هاوڕێیانە و چڕوپڕی نێوانمان لە ئاستی جۆراوجۆری حیزبیدا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٩ی نۆڤامبری ٢٠٢٢ی زایینی پڕۆسەی یەکگرتنەوەمان گەیاندە ئەنجام. لەمڕۆ بەولاوە وەک یەک حیزب و لە ژێر ناوی پێشوو و مێژوویی کۆمەڵە (کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران) دا کار و چالاکی دەکەین.

هەموومان دەزانین کە جیایی زیانی پێگەیاندین و خەسارەکانی دەناسین. بە خۆشییەوە جیاوازیی سیاسی و ڕوانگە، هۆکاری سەرەکی دابڕانەکە نەبوو، دابڕان لە خەت وگوتاری سیاسی کۆمەڵە قەت نەبوو بە کەلێن لە نێوانماندا و لەو بارەوە لێک دانەبڕاین. بۆیەشە پرسی یەکگرتنەوەی ئەو دوو لایەنە وەک ئەرکێکی هەرە گرینگی سەرشانمان و ئاواتی ڕەوتی بەرینی کۆمەڵە و هۆگرانی ئازادی و ڕزگاری، هەمیشە بە زیندوویی مایەوە.

سەرفرازین لێرەوە بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردوان، کادر و پێشمەرگەکان، تێکۆشەرانی نهێنی شار و دێ، زیندانیانی سیاسی، کەم ئەندامانی سەنگەر، هاوڕێیانی دێرین، دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان دڵنیا بکەینەوە کە کۆمەڵەکەیان یەکگرتووتر و بە گوڕ و تەوژمێکی نوێوە بۆ ئامانجە بەرزەکانی کۆمەڵە تێدەکۆشێ. پێویستە بڵێین هەموو ئەوانەی لەو ڕەوتەدا کار و چالاکییان کردووە، ڕەنجیان کێشاوە و خەساریان بینیوە، چ ئەوڕۆ لە کار و چالاکی ڕێکخراوەییدا ببن یا نەبن، ڕێزیان لێدەگیرێ و بە پاڵپشت و هاوڕێ ئەژمار دەکرێن و دەستی هاوخەباتی و هاوڕێیەتییان بۆ درێژ دەکەین.

کیژان و کوڕان، نەوەی نوێ و پێشکەوتنخوازی کوردستان!

کۆمەڵە ئێوە بە کۆڵەکەی قایم و بناوانی خۆی دەناسێ و پشت ئەستورە بە کۆڵنەدان و خۆڕاگریتان، بە یەکگرتنەوەمان مەیدانێکی بەرینتر بۆ وەگەڕخستنی توانا و لێهاتوویی دەکەینەوە و ئێوە دەتوانن ڕۆلی گەورەی تێدا بگێڕن و تینێکی زۆرتر بدەن بە خەباتمان. کۆمەڵە ئاڵا هەڵگری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و ڕەوتی نوێگەرا و پێشکەوتنخواز بووە و دەبێ، هەڵگری مەشخەڵی شۆڕشگێڕانە دەبێ و خۆی لەگەڵ نەوەی نوێ و خەون و هیواکانی دواڕۆژیان بۆ کوردستان، نوێ و یەکگرتوو دەکاتەوە.

ئێمە خەباتکار و هەوێنی پاراستنی یەکریزی و یەکگرتوویی نیشتمانیی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، تا پێکهێنانی بەرەیەکی نەتەوەیی هاوبەش لەگەل دیکەی حیزب و لایەنەکان دەبین. ئەزموونی کاری هاوبەشمان لە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران پاڵنەرمان بووە و دەبێ بۆ پتەو کردنی ناوەند وەک چەترێکی گشتگیر. تێدەکۆشین بە یەکگرتوویی نیشتمانیی بەرین لە کوردستاندا سەرنجی بیروڕای گشتی گەلانی ئێران و جیهان بۆ دۆزی کورد ڕابکێشین. بزوتنەوەی کوردستان دژ بە تیرۆر و زۆرداری، دژ بە سیاسەتی سەرکوتکاری و ئاژاوەگێڕانەی کۆماری ئیسلامییە و خوازیاری پلۆڕالیسم، دێمۆکراسی و پێکەوە ژیانی سەردەمیانەی گەلانی ئێرانە. ئەو دەرفەتە مێژووییەی بۆ خەباتی خەڵکی کوردستانی ئێران خوڵقاوە بە هەموو توانی خۆمان کەڵکی لێوەردەگرین بۆ ڕزگاری و بەختەوەری زۆرتری گەلی کوردستان لە هەلومەرجی هەستیار و ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئەوڕۆی کوردستان و ئێراندا.

کۆمەڵە خوازیاری پێوەندیی پتەوە لەگەڵ هەموو ڕەوتی دێمۆکرات و پێشکەوتنخواز و هەموو ئۆپۆزیسیۆنی سێکۆلاری ئێران. ئێمە هاوکات لەگەڵ دیفاع لە بەرژەوەندیی باڵا و داخوازیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و پتەوکردنی یەکێتی ئەوڕۆی حیزبە سیاسییەکان، پێمانوایە کوردستان دەتوانێ و بۆی هەیە دەوری کاریگەری هەبێ لە داڕشتنەوەی قەوارەی سیاسی ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی، ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و شۆڕشی ژینا(مەهسا) دەریخست بزووتنەوەی کوردستان پێشەنگی یەکسانیی ڕەگەزی، دێمۆکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سێکۆلاریسم و ئازادی سیاسییە. کۆمەڵە خۆی بە بەختەوەر دەزانێ کە لە دەیان ساڵ خەباتی سەربەرزانەیدا بۆ پێکهاتنی ئەو بەستێنە کۆمەڵایەتی و پێشەنگایەتییەی ئەوڕۆی کوردستان، دەوری چالاکی هەبووە. بۆیە ئەو پێشەنگایەتی و ئەو رێبازە کە خۆی لە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دا دەبینێتەوە، وەک گلێنەی چاو دەپارێزین.

یەکگرتنەوە دەکەینە دەرفەتێک بۆ زۆرتر کردنی دۆزی خەباتکارانە لە ناو کۆمەڵەدا.

دڵنیاین تێکۆشەران و کادر و ئەندامانی کۆمەڵە لە جەرگەی خەباتی مەدەنی و ڕێکخستنی نهێنی، لە ریزی پێشمەرگایەتی و هێزی نیزامی، لە تێکۆشانی دیاسپۆڕا و تاراوگە دا، پارێزەری بە ئەزمون و چاونەترسی ڕێبازی کۆڵنەدان تا سەرکەوتن دەبن و بە لێوەشاوەیی ئەرکە قورسەکانی سەر ڕێیان ڕادەپەڕێنن و وەڵامی شیاوی کۆمەڵە بە بانگەوازی “گەل چاوەڕێی هیمەتی ئێوەیە” دەدەنەوە.

پێویستە سپاسی هەوڵ و تێکۆشانی ئەندامانی کومیتەی ناوەندی، کادرەکان، ئەندامان، پێشمەرگە و دۆستانێک بکەین کە لە پڕۆسەی یەکگرتن دا ماندوو بوون و بەرپرسانە ئەرکەکانیان ڕاپەڕاند و بە زەحمەت و بەشداریی چالاکانە بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە لە هەموو بوارەکاندا هاندەر و هاوکار بوون.

سەرکەوتوو بێ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان

بژی کۆمەڵە

بژی ئازادی و دادپەروەری

کومیتەی هاوبەش بۆ یەکگرتنەوەی کۆمەڵە
٦ی سەرماوەزی ١٤٠١
٢٧ی نوامبری ٢٠٢٢ زایینی

ڕووسیا ئامادەكاری بۆ هێرشی نوێ بۆ سەر ئۆكراین دەكات
پێشت ڕووسیا ئامادەكاری بۆ هێرشی نوێ بۆ سەر ئۆكراین دەكات
لە هەولێر ژمارەیەک چەکدار بە ئۆتۆمبێلی حکومی تەقەیەکی زۆر دەکەن و هەڵدێن
دواتر لە هەولێر ژمارەیەک چەکدار بە ئۆتۆمبێلی حکومی تەقەیەکی زۆر دەکەن و هەڵدێن