بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای سلێمانی، جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی گرنگ بۆ كەمكردنەوەی بارگرانیی سەر هێڵ و وێستگەكان ڕادەگەیەنێت و خەرجی پڕۆژەكەش 700 ملیۆن دینارە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانییەوە بڵاوكرایەوە”بەسەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی وزەی كارەبای سلێمانی و لەسەر بودجەی داهاتی (8%)ی كارەبا، بە بڕی نزیكەی (700) ملیۆن دینار پڕۆژەیەكی كارەبا له سلێمانی جێبەجێدەكرێت”.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە”پڕۆژەكە لە چەند بەشێك پێكهاتووە كە بریتیین لە گۆڕینی بەشێك لە هێڵی 33 كەی ڤی قولەڕەیسی – مۆبایلی هەڵگورد و گۆڕینی بەشێك لە هێڵی 33 كەی ڤی تانجەرۆ – باشوور و گۆڕینی رێڕەوی هێڵی 33 كەی ڤی شارباژێڕ – سیتەك و هەروەها ڕاكێشانی هێڵێكی 33 كەی ڤی لەنێوان وێستگەی بەردەكە و وێستگەی تاڤگە، هەروەها دانانی تاوەرێكی جۆری DCS بۆ مۆبایلی سەیدسادق”.
بەپێی زانیارییەكان، پڕۆژەكە لە قۆناغی كۆتاییدایە و بە تەواوبوونی سوودێكی زۆری بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر هێڵەكان و وێستگەكانی كارەبا دەبێت.