وەزیری تەندروستی ڕایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەدواداچووان بۆ جۆریی دەرمان كراوە و لە دواین هەنگاویشدا نرخی دەرمانیان دابەزاندووە.
دكتور سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان دوای كۆبوونەوەی لەگەل كۆمپانیا و كۆگاكانی دەرمان لە كوردستان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”ئێستا وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی ئاسایشی گشتی و داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان بەدواداچوون بۆ دەرمانی ساختە و نەشیاو دەكا و جۆری دەرمانی گونجاویش ستیكەری كوالێتی كۆنتڕۆڵی لێ دراوە تا هاوڵاتی بزانێ نرخەكەی چەندە و چۆنیش بەكار دەهێنرێت”.
بە وتەی سامان بەرزنجی:”پرۆسەی چاكسازیی دەرمان بەردەوامە و لە ماوەی ڕابردوودا هەر دەرمانێك نەگونجاو بووبێت دەستی بەسەردا گیراوە، جگە لەوەش هێنانی دەرمان بە ڕێگەی نایاسایی تا كەمترین ئاست كەم بووەتەوە”.
وەزیری تەندروستی هەرێم دەڵێت:”جگە لە خاڵە سنووری و فڕۆكەخانەكان كە بە پسوولەی وەزارەتی دارایی گومرگ لەسەر دەرمان دانراوە، هەر لایەنێك و لە هەر شوێنێك پارە لە بازرگانانی دەرمان وەربگیرێ، نایاساییە”.