ساڵوەگەڕی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەدە



 

ڕۆژی 22ی كانوونی دووهەمی 1946 پێشەوا قازی محەمەد سەرۆك كۆماری كوردستان لە مەهاباد كۆماری كوردستان رادەگەیەنێت، پێشەوا لەوەسێتنامەكەیدا داوای تەبایی و یەكگرتوویی كورد دەكات لە بەرامبەر نەیار و دووژمنەكانیدا، بەڵام ئێستا لە هەموو كات زیاتر كورد پارچەپارچە و دابەشبووە.

قازی محەمەد

قازی محەمەد دادوەر و دامەزرێنەر و سەرۆك كۆماری كوردستان لە مەهاباد ساڵی ١٩٠٠ لە دایكبووە و دوای ڕووخانی كۆمار لە بەرەبەیانی ١٠ی خاكەلێوەی ساڵی 1326ی ھەتاوی (٣٠ی ئاداری ١٩٤٧)دا لەگەڵ ھاوڕێكانی لە لایەن حكومەتی كاتی تاران لە مەیدانی چوارچرای شاری مەھاباد لە سێدارە دران.

ژیانی پێشەوا
قازی محەمەد، كوڕی قازی عەلی، لە بنەماڵەیەكە كە ناوبانگی لە شاری مەهاباد بۆ چوار سەدە پێشتر دەگەڕێتەوە. ئەوان نە تەنیا لەلای خەڵك، بەڵكوو لەلایەن دەسەڵاتداران و بەرپرسانی حكومەتیش، جێگەی رێز و پێ‌زانین بوون.

قازی عەلی باوكی، لە ١٩٣٠ لە مەهاباد رێكخراوێكی كوردی بە ناوی بزووتنەوەی محەمەد پێكهێنا. ناوبراو لەگەڵ جووڵانەوەی شێخ محەمەد خیابانی لە تەورێز پێوەندی هەبوو، تا ساڵی ١٩٣٤یش كە كۆچی‌دوایی كرد لەسەر ئەو كارە بەردەوام بووە.

قازی عەلی، دوو كوڕی هەبوون، یەكیان سەدری قازی بووە كە دوو خول لە لایەن خەڵكەوە كراوەتە نوێنەری پەرلەمان و جێ‌بڕوا و كاریگەرێتی تایبەتی هەبووە.

قازی محەمەدیش كە ساڵی ١٩٠٠ی زایینی لەو بنەماڵەدا لەدایك بووە. لە منداڵی و لاویدا زۆر خولیای زانست و فێربوونی زمانە بیانییەكان بووە و جگە لە عەرەبی و فارسی، لەگەڵ زمانی فەڕەنسایی و ئینگلیزی و تا ڕادەیەكیش ڕووسیایی ئاشنایەتی كردووە. قازی محەمەد زۆری حەز بە تێكەڵاوی لەگەڵ زانایان، كەسایەتییە گەورەكان، كوردانی نیشتمانپەروەر و سەرۆك عەشیرەتەكان بووە.

دوای كۆچی‌ دوایی باوكی، بوو بە دادوەری شار. لە بەر ئارەزووی خۆی بۆ كاری فەرهەنگی و بردنەسەرەوەی زانیاری خەڵك، لە ساڵەكانی بەر لە ١٩٤١ و دوای ئەوەش بەرپرسیاریەتی فەرمانگەی فەرهەنگی شاری مەهابادی بە ئەستۆوە گرتووە و خزمەتی بەرچاوی فەرهەنگی كردووە و لە كاتی بەرپرساریەتیی ئەودا، یەكەم قوتابخانەی كچان لە مەهاباد كراوەتەوە. هەر لەبەر ئەوە لەگەڵ زۆرێك لە خوێندكاران، رۆشنبیران و مامۆستایان پەیوەندی نزیكی بووە.

لە ساڵانی١٩٤١ تا ١٩٤٥ كە كۆماری كوردستان پێكهاتووە، بەڕێوەبەرایەتی ئەو لە پێش‌بردنی كاروبارەكان‌دا و بە تایبەتی لە چارەسەریی كێشە عەشیرەتییە‌كاندا دەورێكی بەرچاوی بووە. زۆر لە گرفتەكانی كاری ڕۆژانەی خەڵك لە دیوانی ئەودا كە دادگەیان پێ‌دەگوت، چارەسەر بوون.

قازی محەمەد ڕێزی تایبەتی بۆ دامەزرێنەرانی كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد (ژ.ك) بووە. زۆر لە دامەزرێنەرانی ژ.ك ڕاوێژیان لەگەڵ كردووە و زۆریان خۆشویستووە و گەلێكیان هەوڵ لەگەڵ داوە تا ببێتە ئەندامی ئەو كۆمەڵەیە.

قازی لە ڕووانگەی نوێنەرانی بیانیشەوە كە ئەوكات ئێرانیان لەنێو خۆیاندا دابەشكردبوو، ڕێزی تایبەتی بووە. هەر كەس چووەتە مەهاباد تێكۆشاوە بەر لە هەموو كەس چاوی بە ئەو بكەوێت. بانگكرانی بۆ سۆڤیەت هەر لەم پەیوەندییەدا بووە، كە لەگەڵ شاندێكی گەورە سەردانی باكۆیان كرد.

قازی محەمەد مرۆڤێكی فەرهەنگدۆست، خۆشبەیان، ئەدەب و هونەردۆست، ئەهلی راوێژ و لە هەمان كات‌دا خەباتكارێكی نیشتمانپەروەر و گەل خۆشەویست بوو. لەگەڵ هەموو چین و توێژێك هەڵسوكەوتی هەبوو و لە كاتی پێویستدا لە هەست و هێزیان كەڵكی وەر دەگرت.

خوازیاری یەكگرتوویی و تەبایی بووە

وەك ئەوەی لە وەسێتەكەیدا هاتووە، قازی محەمەد برایەتی و یەكگرتوویی كوردی پێ گەورەترین هۆی سەركەوتن بوو.

هەرچەند دەیزانی دوژمنەكانی كورد ڕاست ناكەن، بەڵام لە وتووێژدا زۆر بە ڕاشكاوی ڕایدەگەیاند كورد حەز دەكات لە ڕێگای ئاشتییەوە بە مافی خۆی بگات، بەڵام ئەگەر وا نەبێت ئەوەی بۆی بكرێت دەیكات.

لە پێش كۆماردا جارجارە لە رۆژنامەی كوردستان بە ناوی پێشەوا باسی لێ دەكرا، لە دوای دامەزرانی كۆمار بە شێوەی فەڕمی نازناوی پێشەوای پێ ‌بەخشرا و ئەو ناوە تا ئێستاش لەنێو كۆڕ و كۆمەڵی خەڵكدا هەر باوە.

ژێكاف و حیزبی دیموكرات

قازی محەمەد كە بوو بە ئەندامی كۆمەڵەی ژ.ك و ناوی نهێنی بینایی بۆ دانرا، هیوایەكی زیاتری بۆ بەرپرسان و خەڵك دروستكرد. لە ئاكامی تێگەیشتنی پێشەوا و بە بڕواگەیشتنی بەرپرسانی دیكەی رێكخراوەكە بوو كە ژ.ك بوو بە حیزبی دیموكراتی كوردستان و وەك حیزبێكی دیموكرات و پێشكەوتوو دەستی كرد بە تێكۆشان و خەباتی سیاسی.

پێشەوا لەبەر ڕێزی تایبەتی كە بۆ ژ.ك‌ی هەبوو، بناغەی دامەزرانی حیزبی دیموكراتیشی هەر بە ٢٥ی گەلاوێژ، ڕۆژی دامەزرانی ژ.ك دانا و هەر بۆیەش سەرنجی  نزیك بە تەواوی بەرپرسانی بۆ تێكۆشان لە نێو حیزبی دیموكراتی كوردستاندا ڕاكێشا.

كۆماری كوردستان لە مەهاباد

لە ٢٢یەنایەری ١٩٤٦ بە بەشداریی نوێنەرانی پارچەكانی دیكەی كوردستان پێكهاتنی یەكەم كۆماری كوردستان ڕاگەیەندرا.

لە ماوەی دەسەڵات‌داری كۆماری كوردستان ئەوەی پێویست بوو زۆر بە ڕاشكاوی بە شای ئێران و قەوام سەڵتەنە (سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی ئێران)ی ڕاگەیاندووە، پەنجەی لەسەر لاوازییەكانیان بەرانبەر بە گەلی كورد داناوە. بە ئاشكرا پێی گوتون، ئێوە لە قسەكانی خۆتان‌دا دوودڵن و ناتانەوێ مەسەلەی كوردستان چارەسەر بكەن.

كاتێك پێشەوا لەلایەن قوام سەلتەنەوە بۆ تاران بانگهێشت دەكرێت و لە ڕێكەوتی ٢٨ی یەكی ١٩٤٦ دەچێتە تاران، لەلایەن ژمارەیەك لە وەزیران، نوێنەرانی پەرلەمان و نوێنەری كوردەكانی تاران و نوێنەری حیزبەكان و یەكێتی كرێكاران لە فڕۆكەخانە پێشوازی لێ دەكرێت. ڕۆژنامەی “ایران ما” هەر ئەوكات دەنووسێت: ئێستا كە قازی محەمەد لە تارانە و ئازادیخوازان چاویان پێی كەوتووە، دەردەكەوێت بیروڕای ئەو جێگیركردنی ئازادی و دیموكراسی لە تەواوی ئێران دایە و مافی كۆمەڵایەتی و سیاسی و مرۆیی بۆ نەتەوەی كوردیش لە گۆڕێدایە. هەر كارێك بە سوودی دیموكراسی بێت لەلایەن پێشەوای كوردستانەوە بە دڵەوە پێشوازی لێ دەكرێت. هیوادارین قەوام لەو سەفەرە مێژوو‌ییە كەڵك وەربگرێت.

ڕووخانی كۆمار
دوای وتووێژی زۆر، تاران و كۆماری كوردستان بە خاڵێكی هاوبەش نەگەشتن و گرفتەكان چارەسەر نەكران. هەر بۆیە بەشوێن ماوەیەك هەڕەشە، و بە دوای وەرگرتنی هێندێك بەڵێن بۆ یارمەتیدان لە ڕووخاندنی كۆماری مەهاباد لە لایەن هەندێك لە سەرۆك عەشیرەتەكان، تەنانەت چەند كەس لەوانەی لەگەڵ قازی سەفەری باكۆیان كردبوو، تاران لە پێش‌دا هێرش دەكاتە سەر تەورێز بۆ ڕووخاندنی كۆماری ئازەربایجان و پاشان هێرش دەكاتە سەر كوردستان.

سووپای ئێران شاری تەورێزی داگیركرد و سەرۆك كۆماری ئازەربایجان هەڵهات بۆ سۆڤیەت و كۆمارەكە ڕووخا.

دوای ئەوە سووپای ئێران بەرەو مەهاباد بە ڕێكەوت. لەئەو ناوچانەی دیكە لە باشوری مەهاباد‌دا كە خۆیان بە بەشی كۆمار دەزانی و دەسەڵاتی تارانیان بە حكوومەتی ناوەندی نەدەزانی، واتە لە شارەكانی سنە، دیواندەرە، مەریوان هەتا نزیكی سەقز، لە چەند مانگ پێش ئەوە، هێزیان ئامادەكردبوو؛ بەڵام دوای تەورێز سووپا هێزی نوێی لە ڕێگای قەزوێن بۆ سەقز نارد  و لە ڕێگەی بۆكان بە یارمەتی هێندێك لە كوردەكانی سەر بە حكوومەتی شا، ڕێگەی مەهابادیان گرتە بەر.

قازی وەك سەرۆك كۆمار بڕیار دەدات هەتا دەكرێت لە شەڕ خۆبپارێزن چونكە ماڵوێرانی پێوەیە. ئەگەرچی لە پێناوی وڵات هەمووان تێدەكۆشن، بەڵام بە هۆی جووڵانەوەی سەرنجڕاكێشی هێزەكانی سۆڤیەت، زۆر بە خێرایی، لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا كوردستان داگیر دەكرێت. ئەگەر چی ئەو ڕەخنە لە قازی، وەك سەرۆك كۆمار و جێی متمانەی جەماوەر دەگیرێت كە بۆ ئەوندە پشتی بە یارمەتی سۆڤیەت بەستبوو كە بە دەست‌‌كێشانی لە پاڵپشتی كۆمار ئاوا بە خێرایی كۆمار تێداچوو؛ بەڵام لەوەدەچێت گەورەترین هۆی ڕووخانی كۆمار یەك‌نەبوونی هەموو دەستەكان بووبێت، تا ئەو ڕادەیە كە هێندێك هەتا سۆڤیەت كوردستانی چۆڵ كرد، نامەیان نارد بۆ تاران كە وەرن، ئێستا كاتی هێرشە.

مەلا مستەفا بارزانی كە ئەوكات لە مەهاباد بوو، هەوڵی دا كە قازی لەگەڵ خۆی بباتە دەرێ بۆ پاراستنی گیانی، بەڵام قازی‌ بەوە ڕازی نەبوو، پێداگربوو كە دەبێت لە سەر بەڵێنی خۆی بمێنێتەوە. قازی دەزانێت كە بە زوویی كۆمار دەڕوخێت؛ لە نێوان شەڕ یان خۆبەدەستەوە دان، وەك بەرپرسیاریەتیەكی گیانی خەڵك، بۆ بەرگری لە كوشتن و وێران كردن، وەك قارەمانێكی نەتەوەیی خۆ بەدەستەوە دەدات. هەڵبەت سەبارەت بەوە،‌ ڕەخنەدەگرن كە ئایا ئەگەر قازی لەگەڵ مەلا مستەفا بڕۆشتایە، دواتر نەیدەتوانی قازانجی زیاتر بێت بۆ گەلەكەی؟‌ بەڵام لە كاتی ماڵئاوایی لەگەڵ مەلا مستەفا، قازی ئاڵای كوردستان دەسپێرێت بە مەلا مستەفا و وەك وەڵامی ئەو پرسیارە دەڵێت: “من خۆم فیدای خەڵكی دەكەم و هیچ كات وەك پیشەوەری و سەرانی ئازەربایجان ناكەم تا وڵاتەكەم لە خوێندا شەڵاڵ بێت و هەزاران كەس بە كوشت بچن.”

سووپا دەگاتە مەهاباد وەك پایتەختی كۆمار و وەك ئەو شارەی دەسەڵاتی كۆماری تێدایە، ئەگەرچی هەر لە پێشدا هەم قازی بۆخۆی و هەموان دەیانزانی سزای قازی و هەڵسووكەوتی حكوومەت لەگەڵ ئەو چۆن دەبێت، بەڵام دادگایەك ڕێ دەخرێت و تێیدا قازی و ئەندامانی كۆمار بە چەند تاوانی سەرەكی دادگایی دەكرێن.

ئەگەرچی هەردوو كۆماری كوردستان و ئازەربایجان لەسەر پاڵپشتی سۆڤیەت دامەزرێندران، بەڵام كۆماری كوردستان ڕاستەقینەو خواستی جەماوەری كورد بوو. سۆڤیەت بۆ سوودی خۆی دەستی لە پاڵپشتی كێشایەوە و دەسەڵاتی تاران هەردوو كۆماری لاوازی مەهاباد و ئازەربایجانی خنكاند.

دادگایكردنی قازی
لیژنەی تایبەت كە لە تارانەوە هاتبوون بە سەرۆكایەتی سەرهەنگ غوڵام حوسێن عەزیمی دەگەنە مەهاباد و دادگا ئامادەدەكەن.

پرسیارەكانی دادگا ڕوون نەبوون. لە لایەن (قازی محەمەد، سەدری قازی، سەیفی قازی) هەموو تاوانەكان ڕەتكرانەوە و داوای بەڵگەیان دەكرد. ئاشكرا بوو كە ئەو دادگایە هیچ بەڵگەیەكی بە دەستەوە نەبوو.

تاوانەكانی قازی ئەمانە بوون:
گۆڕین و دەستكاری كردنی نەخشەی وڵاتی ئێران.
ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و داگیركردنی بەشێك لە خاكی ئێران بە ناوی كوردستان.
بازرگانیكردنی نەوت لەگەڵ سۆڤیەت بە بێ ئاگاداری و ڕەزامەندی دەوڵەتی ناوەندی.
سازكردنی نەخشەی كوردستانی گەورە‌ بە لكاندنی كوردستانی ئێران، عێراق، توركیا و سووریا.
هێنانە ناوەوەی بێگانە و بەشێك لە خاكی ئێران خستنەژێر دەستی (مەبەست مەلا مستەفا بارزانی) بوو.

دانانی ئاڵای تایبەت بۆ كوردستان بە نیشانی چەكوش و داس بە شێوەی ئاڵای سۆڤیەت.

لێدانی سكەی پارە بۆ كوردستان بە وێنەی ڕووپییەی ڕووسی.

قازی هەموو تۆمەتەكان ڕەتدەكاتەوە و لە وەڵامدا دەڵێت: ئاڵام داناوە، بەڵام وەك ئاڵای سۆڤیەت نا.
سەبارەت بە مەلا مستەفا بارزانی، قازی دەڵێت: ئەو بۆ خۆی هاتووەتە مەهاباد و كەس نەیهێناوە، ئەو كوردە و كوردستان ماڵی هەموو كوردێكە و هەر كوردێك بە ئارەزووی خۆی لە سەر هەر بستە خاكی كوردستاندا دەتوانێت بژی.

یەكێك لە تاوانەكانی سەرەكی سەدر قازی، جێگری سەرۆك كۆمار و برای قازی محەمەد نووسینی شیعرێكی گەرم بۆ بەخێرهاتنی بە مەلا مستەفا بارزانی بوو.

دادگاكە بە دانی بڕیاری لەسێدارەدانی هەر سێ كەسەكە كۆتایی هات، بەڵام ئەمە كۆتایی كارەكە نەبوو. قازییەكان لە بەندیخانەكران بۆ ماوەی سێ مانگ. دیسان بە هەمانشێوە دادگای پێداچوونەوە‌ بەڕێوەچوو، ئەگەرچی هەمووان لە سەر ئەو بڕوایە بوون كە بە تاوانبار ناسینی قازی هەر لە پێش‌دا وەك ئامانجی دادگاكان لە تارانەوە دەستنیشان كرابوو.

سێدارە

لە بەرەبەیانی 10ی خاكەلێوەی ساڵی 1326ی ھەتاوی (٣٠ی ئاداری ١٩٤٧)پێشەوا قازی، حەمەحوسێن خانی سەیف قازی (ئامۆزای پێشەوا) و سەدر قازی (برای پێشەوا) بە دوای سزادران لە دوو دادگای نایاساییدا بەدەستی دوژمنانی گەلی كورد لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد، واتە هەر لەو شوێنەی (٢٢ی یەكی ١٩٤٦) كۆماری كوردستان لێی راگەیەندرابوو، لە سێدارە دران و شەهیدكران.

هۆكاری رووخانی كۆمار

شرۆڤەكاران و شارەزایانی مێژوویی بەردەوام ئەوەیان دووپات كردووەتەوە، كە هۆكاری سەرەكی رووخانی شۆڕش و دەسەڵاتەكانی كورد لە رابردوودا دەگەڕێتەوە بۆ ناتەبایی و یەكگرتوو نەبوون، لەگەڵ پشت بەستن بە دەستی بێگانە و دۆستی دەرەكی، لە بری پشت بەخۆ بەستن، زیندووترین نمونەش بە كۆماری مەهاباد لە رۆژهەڵاتی كوردستان و شۆڕشی ئەیلول لە باشووری كوردستان دەهێننەوە، هەربۆیە پێشەوا قازی محەمەد لە وەسێتنامەكەیدا ئامۆژگاری كوردان دەكات یەكگرتوو بن.

كۆمسیۆن ناتوانێت ئامادەكاریی هەڵبژاردن بكات
پێت كۆمسیۆن ناتوانێت ئامادەكاریی هەڵبژاردن بكات
نرخی دۆلار زیاتر دابەزی
دوات نرخی دۆلار زیاتر دابەزی
پەیوەنیدر