عه‌بدولواحێد محه‌مه‌د
ئه‌و نه‌وته نه‌فره‌تیه له‌وه‌ته‌ی دۆزراوه‌ته‌وه بۆ كوردستان بۆته مۆته‌كه و به‌ڵایه‌كی گه‌وره، هه‌ر رژێمێك هاتبێت به شێوه‌ك له شێوه‌كان بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی گه‌لی كوردی باشوور به كاری هێناوه، ته‌عریب و ته‌رحیل و كیمیاباران و ئه‌نفال و كاولكردنی گوند و ئاوایی هه‌موی له‌به‌ر ئه‌و نه‌وته و له سایه‌ی ئه‌و نه‌وته‌وه بووه.
بۆ یه‌كه‌مجار له 2014و له‌ژێر دروشمی ئابوری سه‌ربه‌خۆ و هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ ده‌ره‌وه، بووه مایه‌ی خۆشی گوایه ئیتر ئه‌وه ده‌بێته ناز و نیعمه‌ت و ئاسه‌واری ئه‌و هه‌موو تاوانه‌ی بینیمان و به‌سه‌رمان داهێنرا له سه‌رده‌می رژێمه یه‌ك له یه‌كه داپلۆسێنه‌ر و دكتاتۆره‌كان ده‌بڕێته‌وه، له جێی ئه‌وه به‌هره‌مه‌ند ده‌بین به ژیانێكی پڕ له رفاهیهت، پاره له بڕان ده‌بێت، كاره‌با ده‌بێته 24 كاتژێر و ئاوی ماڵان له هاوین و زستان لرفه‌ی دێت و هه‌ژاری و كه‌مده‌رامه‌تی نامێنێت و ده‌رچووه‌كان هه‌موویان داده‌مه‌زرێنرێن، خانووه قوڕه‌كان ده‌بنه شیش و چیمه‌نتۆ و ئههلهكهشی قه‌ره‌بووی ئه‌و هه‌موو خزمه‌ته ده‌كرێنه‌وه كه پێشكه‌شی و شۆڕش و پێشمه‌رگه‌یان كردبوو، پاشماوه‌ی ئه‌نفاله‌كان و زیندانیانی سیاسی راستهفینه و به‌ركه‌وتوانی كیمیاباران له خه‌م و ئازاره‌كانیان ده‌ڕه‌خسێن.
به كورتی و به پوختی وامانزانی هه‌رێم ده‌بێته شامی شه‌ریف و به یه‌كجاره‌كی ئۆخه‌ی ده‌كه‌ین، لێ به داخه‌وه هه‌موی پێچه‌وانه بۆوه، نه‌وته‌كه له بری نیعمه‌ت و ره‌فاهیه‌ت، بووه ته‌وق و له ملی یه‌ك به یه‌كی ئه‌م خه‌ڵكه به‌شمه‌ینه‌ته ئاڵا، جگه له‌وانه‌ی ئه‌و سه‌ودایه پڕ له نههامهتیەیان ئه‌نجامدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی تێنوی خوێنی ئه‌م میلله‌ته كۆڵنهدهرهن، له‌وێ رۆژێوه ده‌ستێكمان به‌ره و ئاسمان و ده‌ستێكیش به‌سه‌ر دڵمانهوهیه به‌لكو خوا به زه‌یی پێمان بێته‌وه و ئه‌و نه‌وته‌مان لێ بستێنێته‌وه قیڕوسیا له‌وه‌ی ئێمه برسی ده‌بین، خۆ له بنه‌ڕتدا له سایه‌ی ئه‌وانه‌وه هه‌ر وه‌كو گیسكه‌كه‌ی هه‌یاس ژیاوین رۆژێك برسی و رۆژهكیش نیوه تێر، گرنگ ئه‌وه‌یه چیتر ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه بۆ ئه‌وانیش نه‌بێت و ده‌ستیان له كونی هه‌مبانه بێته ده‌ره‌وه.
له سه‌رو به‌ندی ئه‌و مامه‌ڵه ناكامه هه‌رچی خێره‌ومه‌ندی ناوه‌خۆ و ده‌ره‌وه هه‌بوو له‌گه‌ڵ دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانمان، ئه‌وه‌شی یه‌ك تۆز شاره‌زایی له جوگرافیای ئه‌م ده‌ڤه‌ره و سه‌رخان و بن خانی هه‌بوو، به راشكاوانه ده‌یان وت، ئه‌مه بڤه‌یه و یاریه‌كی دۆڕاوه مه‌یكه‌ن، رێگه‌ی ئێوه به به‌غداوه داده‌ڕوات، نه‌ك به پایته‌خته‌كانی ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ر، له‌گه‌ڵ به‌غدا رێككه‌وتن باشتره، راسته ئه‌وانیش هه‌زار و یه‌ك عه‌یبه‌یان هه‌یه، به‌ڵام له روی سیاسی و دبلۆماسی و یاسای نێودهڵهتیهوه ئه‌وانه باشترن، خۆتان تێكه‌ڵاوی ئه‌و هه‌موو ئه‌جیندا ژێر به‌ژێر و فره ره‌هه‌ندیه مه‌كه‌ن، هه‌رێمی كوردستان به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو ساردی و گه‌رمیه ناگرێت، چه‌ند ساڵیشه به دیاریكراوی له سێ ساڵی رابردوودا یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به ده‌نگی به‌رز هاوارده‌كات، بۆ هه‌موو پرسه‌كان روو له به‌غداد بین باشتره نه‌ك جرت و فرتمان بێت بۆ ئه‌م پایته‌خت و ئه‌و پایته‌خت.
به بڕوای خۆم ئه‌و ستراتیجه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له خوڕا و وه‌كو چاو پێههڵنههاتنێك نه‌بووه به‌و سهوایه، به‌لكو ده‌ره‌نجامی خوێندنه‌وه‌یه‌كی واقیعیانه بۆ ره‌وشه‌كه و به له‌به‌رچاوگرتنی بۆچون و رای هاوپه‌یمان و دۆسته‌كانیشمان بووه، له‌وه‌ی كوردستانێكی به هێز له عێراقێكی یه‌كگرتودا ده‌بێت، ئه‌و هه‌موو سه‌ردانه یه‌ك له یه‌كانه‌ی سه‌رۆك و سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیش هه‌ر بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌و راستیه بووه، مخابن گوێ بۆ بۆچونی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و دۆسته راسته‌قینه‌كان شل نه‌كرا، ئه‌وه‌تا بڕیار له دوای بڕیار له دژی هه‌رێم ده‌رده‌چێت، پێشموایه له‌وانه‌دا ناوه‌ستێت زۆر بوار و بابه‌تی تریش ده‌گرێته‌وه، ترسم له‌وه هه‌یه له كۆتاییدا به ده‌ستی خاڵی بگه‌ڕێینه‌وه به‌غدا ، ئیتر ئه‌و ده‌م خۆت بگره بۆ مه‌رج و شهرتهكان، دیاره په‌شیمانیش داد نادات، له مێژوش گه‌ڕێ چ لاپه‌ڕه‌یه‌كی گوماناوی بۆ ئه‌و سه‌ركرده و بهركردانه ده‌نوسێته‌وه.