د.ئەحمەد کەرکوکی
وەڵامێک بۆ ئەو بەڕێزانەی پێیان وایە هەرکەسێک لەبری خۆراک بۆ زەکاتی سەرفیترە پارە بدات قبوڵ نیە!
ئایا زەکاتی سەرفیترە بەپارە دەبێت؟ ئایا یارانی پەیامبەری خوا د.خ لەبری خۆراک پارەیان دەرکردووە؟ ئایا دەرکردنی پارە لەبری خۆراک لەم بابەتەدا جەنگی نێوان دەق و بۆچوون و سوننەت و بیدعەیە؟ بۆچی لەفەرموودەدا ناوی خۆراک هاتووە لەبری پارە؟
ــــ لەسەردەمی پەیامبەردا تاکە پوڵ و پارەیەک هەبووبێ درهەمی زیو بووە کە بریتی بووە لە 2.975 گڕام زیو یاخود دیناری ئاڵتوون کە بریتی بووە لە 4،25 گڕام ئاڵتوون کە ئەم دوو پوڵە سەربە بیزەنتی و فارسەکان بووەو ئەوکات پارەیەکی تایبەت بە دەوڵەتی ئیسلامی لەگۆڕێدا نەبوو.
ــــ درهەمی زیو کەمترین جۆری دراوی کاشی ئەوکات بووە بەهاکەی زۆر بەرز بووە بەجۆرێک لە بەهای یەک (صاع)ی جۆ و گەنم و خورما زیاتر بووەو لەبەرامبەردا بڕی زەکاتی سەرفیترەش زۆر کەم بووەو پارەی ئەوکات وەکوو ئێستا وردەی تێدا نەبوو وەکوو چۆن بۆ یەکەمین جار لەسەردەمی حیلافەی ئەمەویەکاندا ڕوویدا کە پارە وردکرایەوە.
ـــ لەلایەکی دیکەشەوە مامەڵەی موقایەزە واتە گۆڕینەوەی شمەک بەشمەک ئەوکات زۆر باو بووە لەنێو خەڵکیدا چونکە بەهای درهەمی زیو و دیناری ئاڵتوونی زۆر بەرز بووەو هەموو کەس نەیتوانیوە دەستیان بخات، تەنانەت پەیامبەری خوا د.خ عوڕوەی نارد دوو مەڕی بەدینارێک بۆ کڕی.
ـــ لەو سەردەمەدا ئەوە حاڵی پوڵ و پارە بووە هەر بەڕێزێکیش بانگەشەی ئەوە بکات یارانی پەیامبەری خوا لەبری قوت پارەیان دەرنەکردووە بەهەڵەدا چووە چوونکە ئەسڵەن ئەوکات مەحاڵ بوو بەپارە دەربکرێت وەکوو وتم بڕی سەرفیترە زۆر کەمتر بووەو پارەی ئەوکاتیش لەگەڵ بەها بەرزەکەی ورد نەدەکرایەوە.
ـــ لەپاش سەرهەڵدانی پارەی تایبەت بەدەوڵەتی ئیسلامی لەسەردەمی خەلافەتی ئەمەویەکانداو دینارو درهەم ورد کرایەوە بۆ بەش بەشی بچووکتر وەکوو دانق و مسقاڵ خەڵکی مسیان تێکەڵی کۆمەڵێک ئاسنی دیکە دەکردو بەکاریان دەهێنا بۆ درووستکردنی پارەی بچووکتر لە دینارو درهەم ئەوکات زۆر بەئاسانی لەبری قوت پارە دەردەکرا چونکە بەهای سەرفیترە بەپارە بوونی هەبوو هەروەکوو ئێستا.
ـــ مەبەست لەقسەکانم ئەوەیە ئەگەر جۆت هەیە یان گەنم و خورما ت هەیەو لەخۆت زیادە و دەتەوێت بەخۆراک سەرفیترەی لێدەربکەیت دەتوانیت، وەگەرنا دەتوانیت بەهاکەی بەپارە دەربکەیت و بیبەخشی بە هەژارەکان و دڵخۆشیان بکەیت.
ـــ پەیامبەری خوا کاتێک زەکاتی سەرفیترەی فەرز کرد لەو خواردنانەی کە بەردەستبوون لەکۆمەڵگەی ئەوکاتدا فەرزی کرد، ئەمەش بۆ ئەوەبوو تا بارگرانی نەبێت لەسەر خەڵکی سادە چونکە دینارو درهەمی ئەوکات زۆر خۆشەویست و بەبەها بوونە لای عەرەب ئەوەی زۆر دەوڵەمەند نەبووایە نەیبوو، جگە لەوەش هەژارانی ئەوکات زیاتر پێویستیان بەو خۆراکانەبووە کە پەیامبەری خوا د.خ دیاریکردووە، لەبەر ئەوە دەرکردنی سەرفیترە بە خۆراک ئەوکات سوودی بۆ خاوەنی زەکاتەکەو هەژارانیش هەبووە، تەنانەت ڕێگەی بەخاوەن ئاژەڵەکان داوە (الأَقِطَ) شیری وشککراوە دەربکەن چونکە لەبەر دەستیان هەبووە.
ــــ لای زانایان ئاشکرایە کە حوکمە فیقهیەکان دوو جۆرن:
یەک/ أحكام تعبدية واتە ماناو حیکمەتەکانی تەنها خواگیان دەیزانێت و چۆن فەرزکراوە هەروا هاتووە وەکوو ژمارەی رکاتی نوێژەکان.
دوو/ أحكام معقولة المعنى واتە دەشێ حیکمەت و هۆکارو عیللەتەکەی بزانرێ وەکوو حەڵاڵی کڕین و فرۆشتن و حەرامی ڕیبا.
لەسەر بنەمای ئەم دابەشبوونە زانایان لەبابەتی زەکاتی سەرفیترەدا دابەش بوونە بەسەر دوو گرووپ:
1- گرووپی یەکەم کە جمهوری زانایانن لە (المالكية والشافعية والحنابلة ) دەڵێن : زەکاتی سەرفیترە تعبدیەو هۆکارو حیکمەتەکانی دیارنین بۆیە پابەند بوون بە فەرموودەکەی ئەبوسەعیدی خودری ڕەزای خوای لەسەر و تەنها خۆراک دەردەکەن.
2- گرووپی دووەم حەنەفیەکانن لەگەڵ سوفيانی سەوری و، وعمر بن عبد العزيز والحسن البصريّ، وإسحاق بن راهويه، وأبي ثورٍ؛ و ئیمامی بوخاری : دەڵێن دەشێ زەکاتی سەرفیترە ماناو مەبەستەکانی دیارو ئاشکرابن و بزانرێن و بەشوێن عیللەتەکەیدا دەگەڕێن و پێیان وایە مەبەست لەم زەکاتە دەوڵەمەندکردن و بێ ئاتاجبوونی هەژارانە لەوڕۆژەدا ئەم مەبەستەش بەخۆراک بێتەدی خۆراک دەردەکەن و بەپارە بێتەدی پارە دەردەکەن ، دیاریکردنی هەندێ جۆر لەخۆراک لەفەرموودەکەشدا لەبۆ نموونەهێنانەوەیە نەوەک سنووردارکردن چونکە شمەکی ئەوسا وەکوو پێشتر ئاماژەم پێیدا لەجیاتی پوڵ و دراو ئاڵوگۆڕی بازرگانی پێوەدەکرا کە ئێستا ئەوە نەماوەو ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەدراوە، لەبەر ئەوە دەڵێن درووستە سەرفیترە بەپارە دەربکرێت.
ـــ کەواتە دەرکەوت:
1- بابەتەکە جەنگی نێوان دەق و بۆچوون و سوننەت و بیدعەدا نیە یان بێین بەراورد بکەین لەنێوان پەیامبەری خوا د.خ لەگەڵ ئەبوحەنیفەو هاوڕێکانی، بەڵکوو جیاوازی نێوان ڕای زانایانە لەتێگەیشتن لەدەقە شەرعیەکان و جۆری کۆکردنەوەی دەقەکان لەگەڵ یاسا فیقهیەکان دا.
2- زۆر هەڵەیە وابزانیت ئەو جیاوازیەی درووست بووە لەدەرەنجامی نەگەیشتنی بەڵگەکانە بە زانایانی وەکوو ئەبوحەنیفەو ئیمامی بوخاری و سوفیانی سەوری و ئیبن و تەیمیەو دەیان زانای دیکەو پێت وابێت ئەوان بەئەنقەست گوایە پێچەوانەی سوننەت فەتوایان دابێت.
3- ئەو ئیجتیهادە درووست نیە کە دەقێکی قطعى الثبوت و قطعى الدلالة بوونی هەبێت چونکە یاسایەک هەیە دەڵێت (لا اجتهاد فى القطعيات) ئەمما بەڵگەیە ڕێی تەئویل و ئیحتیمالی تێبچێت دەبێتە ظني، خۆ ئەگەر قطعى الثبوت یش بێت ظنى الدلالة یە ئەوکات بواری ئیجتیهاد و قسەکردنی زانایانی تێدا دەبێت.
4- درووست نیە بڕێک دەستەواژە بۆ دژایەتی بەرامبەر بەکاربهێنرێ بۆ نموونە هەندێک لەوبەڕێزانەی بڕوایان وایە تەنها خۆراک دەردەکرێت ئەم ئایەتە بەسەر دژەکانیاندا جێبەجێ دەکەن (فليحذر الذين يخالفون عن أمره أن تصيبهم فتنة أويصيبهم عذاب أليم) یاخود دەڵێن دەرکردنی سەرفیترە بەخۆراک وەحیەو پارەش بۆچوونە بۆیە شوێن وەحی بکەون نەوەک بۆچوون کە سەرلەبەری موقەدیمەو نەتیجەی ئەم قسەیە هەڵەیە دەی ئەگەر وابێت ئەبێ موعازی کوڕی جەبەل شوێنکەوتەی بۆچوونی خۆی بووبێ کاتێک پەیامبەر فەرمانی پێکرد خۆراک لەخەڵکی یەمەن وەربگرێت بەڵام ئەو لەبری خۆراک پۆشاکی لێوەرگرتن پەیامبەریش ئیقڕاری کرد، دەی ئەم بۆچوونی برادەرانە بیدعەیەکە لەدیندا چونکە پێشینانی ئێمە لەتێگەیشتن لەدەقەپیرۆزەکان مامەڵەیان وەها نەبووە.
کەسیش نەڵێ دەی مامۆستا ئەگەر وایە با لە بری گۆشتی قوربانی پارە بدەین! منیش دەڵێم حیکمەت لە قوربانی کردن ڕژانی خوێنی ئاژەڵەکەو زیندووکردنەوەی ڕێچکەکەی پەیامبەر ئیبراهیمە نەوەک دەوڵەمەندکردنی هەژاران وەکوو چۆن لە زەکاتی سەرفیترەدا حیکمەت و مەبەست لێی دەوڵەمەندکردن و بێ ئاتاجکردنی هەژارانە لەوڕۆژەدا.