وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند “بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی بەستنی پێوەری ئاو چەند ڕۆژێكی ماوە و چیتر درێژ ناكرێتەوە”.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت “دوای ئەوەی لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر نوێكردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی بەستنی پێوەری ئاو بۆ ئەو هاوبەشانەی تاوەكوو ئێستا پێوەریان نەبەستووە، بۆیە پێویستە ئەو هاوبەشانەی پێوەریان نەبەستووە تاكوو 21/4/2023 مامەڵەی بەستنی پێوەر بكەن”.
– بڕیارەكە چەند جارێكی تر لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییان نوێكراوەتەوە، بەڵام لە دوای 21/4/2023 چیتر نوێ ناكرێتەوە.
– بۆ سوودمەندبوون لە داشكاندنەكەی حكوومەت، هەتا كات ماوە، پێویستە هاوبەشان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی و بنكە و فەرمانگەكانی ئاو لە شار و شارۆچكەكان بكەن و دەست بە جێبەجێكردنی مامەڵەی بەستنی پێوەر بكەن.
– كرێی بەستنی پێوەری ئاو لە سەنتەری شارە گەورەكان لە 80 هەزارەوە كراوەتە 20 هەزار دینار.
– كرێی بەستنی پێوەر لە قەزا و ناحیە و كۆمەڵگەكانی دەرەوەی شارەكان لە 80 هەزارەوە كراوەتە تەنیا 10 هەزار دینار.