ئۆكراین پلانی هەیە لە مانگەكانی نیسان و ئایار دەست بە هێرش بكات
وەزیری بەرگریی ئۆكراین، ئۆلیكسی رەزنیكۆڤ رایگەیاند هێزەكانی وڵاتەكەی لە مانگەكانی نیسان و ئایار دەتوانن بە چەند ئاراستەیەكدا دەست بەهێرش بكەن.
ئۆلیكسی رەزنیكۆڤ، لە میانی دیدارێكیدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئیستۆنیا، هەڵسەنگاندنی سەبارەت بەهێرشكردن لەلایەن ئۆكراینەوە كرد.
رەزنیكۆڤ ئاماژەی بەوە كرد سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای ئۆكراین بڕیار لەسەر هێرشكردن دەدات : “ئەم هێرشكردنە بە چەند ئاراستەیەك پلانی بۆ دادەنرێت. پەیوەستە بەوەی گونجاوترین سات كەی دەبێت و چۆن بڕیاری لەسەر دەدرێت”.
باسی لەوەش كرد، هێرشەكە پەیوەندی بە دۆخی كەشوهەواشەوە هەیە “لە بەهاردا زەوی بۆ ئێمە زۆر شێدارە. تەنها دەتوانرێت ئۆتۆمبێلە زنجیردارەكان بەكاربهێندرێت. پێموایە دەگەینە مانگی نیسان و ئایار. دڵنیام لەوەی هەروەكو كیێڤ، چەرنیگۆڤ، سومی، خاركۆڤ، خێرسۆن بەردەوام دەبین لە ئازادكردنی ئەو خاكەی بە كاتی لەژێر داگیركردندایە”.
وەزیری بەرگریی ئۆكراین بانگەشەی ئەوەی كرد سەربازانی سوپای وڵاتەكەی بە ئاراستەی باخموت “بە رێژەیەكی گرنگ ئەگەری هێرشی رووسیایان كەمكردووەتەوە” و رایگەیاند ئەمە وا لە هێزەكان دەكات “هێڵی بەرگری بە توندی بهێڵنەوە و خۆیان بۆ هێرشكردن ئامادە بكەن”.