“بۆ مووچەی فەرمانبەران تەنها یەك ڕێگا لەبەردەستی حكوومەتی هەرێمە”
چەند ڕۆژێكە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانی توركییەوە ڕاگیراوە و بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراقیش دەڵێت، ئەوە دەبێتە كێشە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بە بڕیاری حكومەتی عێراق و دوای بردنەوەی سكاڵاكەی لە دادگەی پاریس ڕاگیرا، ئەوەش بە وتەی شارەزایانی ئابووری دەبێتە كێشە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، چونكە حكومەتی هەرێم لە دابینكردنی مووچەدا پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.
لەو بارەیەوە فازڵ نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، چەند ڕۆژێكە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕاگیراوە، بێگومان ئەوە زیانی گەورە بە ئابووری و داهاتی حكومەتی هەرێم دەگەیەنێت بە تایبەت لە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەراندا.
دەشڵێت: دوای بڕیارەكەی دادگە، دەرچوونی یاسای نەوت و گاز لەبەرژەوەندی عێراق دەبێت، پێویستە هەرێمی كوردستان بیر لەڕێككەوتن بكاتەوە، چونكە كێشەكان بەیاسای نەوت و گاز چارەسەر نابن.
ئاماژەی بە ئەوەش كرد، لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەو دۆخەدا نین كە بتوانن ڕێككەوتنی بەهێز بكەن، بەڵام دەبێت بزانن زیان لە نیوەش بگەڕێتەوە هەر قازانجە و دەبێت هەوڵ بدرێت ئەو ڕەشنووسە یاسایەی لە پەرلەمانە، وەكو خۆی پەسەند بكرێت.
بە بڕوای فازڵ نەبی، ئەگەر ڕێككەوتن بكرێت، بەپێی یاسای بوودجەی عێراق، پشكی هەرێم نزیكەی ١٦ بۆ ١٧ ترلیۆن دینارە، ئەو كاتە حكومەتی هەرێم دەتوانێت مووچە بدات و كۆمەڵێك پڕۆژەی خزمەتگوزاریش جێبەجێ بكات .
ئاماژەی بە ئەوەش كرد، ئەمساڵ بودجەی عێراق زۆر گەورەبوو ئەوەش لە بەختی هەرێمە، چونكە هەتا بودجە گەورەبێت پشكی هەرێمیش زیاد دەكات، بەڵام لە بێبەختی عێراقە لەبەر ئەوەی ئەگەر بەو بڕە زۆرەوە بودجە بڕوات كێشە دروست دەبێت بەتایبەت لە ئەگەری دابەزینی نرخی نەوتدا عێراق تووشی كورتهێنانێكی زۆر گەورە دەبێت لە بودجەدا.