ئەمڕۆ چوار شەممە لە سلێمانی كێشە بۆ دابەشكردنی مووچە دروستبوو بەهۆی نەبوونی پارە لە بانكەكاندا.
تەرزە تەها پەیامنێری (خەڵك) لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ كێشەی نەبوونی پارەی نەختینە لە بانكی هەرێم لە سلێمانی هەبووە.
ڕاشیگەیاند “ئەمڕۆ لە سلێمانی كێشەی نەبوونی پارەی نەختینە لە بانكی هەرێم هەبووە، تا كاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ مووچەی شارەوانی و گەشتوگوزار، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەشنەكراوە، بەڵام دواتر كێشەكە چارەسەركراوە و مووچەكەیان دراوەتێ”.
سەرچاوەیەك لە شارەوانی بۆ (خەڵك) دەڵێت: ئەمڕۆ مووچەكەمان لەبەیانیدا وەرنەگرت بەهۆی نەبوونی پارە لەبانكەكاندا، بەڵام نیوەڕۆكەی وەرمانگرت.
بە پێی خشتەی مووچەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ شارەوانی و گەشتوگوزار مووچەی مانگی رابردوو وەردەگرن.
هەر بەپێی خشتەكە سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و خانەنشینی پێشمەرگە سبەینێ پێنج شەممە، مووچەكانیان وەردەگرن.
پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم بڕیاریدا كە هەموو 25 ی مانگێك مووچە دابەش بكات، بەڵام ئەو بڕیارە وەك خۆی جێبەجێ نەكراو دابەشكردنی مووچە هەموو مانگێك دوادەكەوێت و پرۆسەی دابەشكردنەكەشی نزیكەی 20 ڕۆژ دەخایەنێت.
ئێستاش ماوەی چەند ڕۆژێكە هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە، پێدەچێت بەو هۆیەوە گرفت بۆ مووچەی مانگی ئادار دروست ببێت بەو پێیەی حكومەتی هەرێم لە دابەشكردنی مووچەدا پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.