“داهات بۆ مووچە نییە”
ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوت حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕووبەڕووی کێشەی نەبوونی سەرچاوەی داهات کردووەتەوە، بەڵام پەرلەمانتارێکی پێشوو ئاشکرای دەکات هەرێم دەبێت چاوەڕوانی سکاڵای کۆمپانیاکانی نەوت بکات کە گرێبەستی لەگەڵ کردوون، هەرێم لە دووڕیانێکی سەختی نەبوونی داهات بۆ مووچە و ترسی سکاڵای یاسایی کۆمپانیاکاندایە.
لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس، بردنەوەی دۆسیەکە لەلایەن عێراقەوە و ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوت لەلایەن تورکیاوە، هەرێمی کوردستان ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی بۆ داهات و دابینکردنی مووچە نییە، سەرباری ئەوەش دەبێت چاوەڕوانی قەیرانێکی دیکە بێت کە سکاڵای کۆمپانیا نەوتییەکانە، بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان.
ئەحمەدی حاجی ڕەشید، پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق وردەکاری کێشەکان و مەترسییەکانی بەردەم هاووڵاتیان دەخاتەڕوو.
خەڵك: لەگەڵ ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوت کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەران دروستدەبێت؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید: هەرێم خۆی بۆ بیانوو دەگەڕا کە مووچە دوابخات و هەمیشە ستەم لە فەرمانبەران بکات، بە وەستانی بەرهەمهێنانی نەوت بەدڵنیاییەوە هەرێم لەو داهاتەی کە بەدەستی دەهێنا و کە نیوەی دەڕۆیشت بۆ گەندەڵی و حزب، ئێستا تەواوی ئەو داهاتە لەدەستدەدات، بۆیە بەدڵنیاییەوە گرفت بۆ مووچە دروستدەبێت.
خەڵك: ئەگەر نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ بفرۆشرێت بڕی داهاتەکە زیاددەکات؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید: ئەگەر کۆمپانیای سۆمۆ بیفرۆشێت، تەنها فرۆشیارەکەی دەگۆڕێت، کە کۆمپانیای سۆمۆیە، ئەو کاتە کۆمپانیای سۆمۆ بە ٧ بۆ ٩ دۆلار زیاتر دەیفرۆشێت، ئەمە سەرباری ئەوەی لە عێراق بۆ هەر ڕۆشتنی هەر بەرمیلێک نەوت دۆلارێک و ٩ سەنت دەدات، بەڵام هەرێمی کوردستان پێنج دۆلار و ٨٠ سەنتی بۆ ڕۆشتنی هەر بەرمیلێک بە بۆریەکە دەدا، هەروەها هەرێم داشکاندنی بۆ نرخی نەوتەکە دەکرد و هەرزانفرۆشیدەکرد تا کڕیاری بۆ پەیدا بکات.
خەڵك: فرۆشتنی نەوت لە عێراقەوە سوودی بۆ هاووڵاتیان دەبێت؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید: ئەگەر لە بودجە بەشی هەرێمی کوردستان بە تەواوی دیاریبکرێت، ڕاستەوخۆ لە وەزارەتی نەوتی عیراقەوە بچێت بۆ حکومەتی هەرێم، دڵنیایی هەبێت ئەو بودجەیەی دەنێردرێت بۆ مووچە بەکاربهێندرێت ئەوا سوودی دەبێت، بەڵام ئێستا لە دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژێوانی پاریس بەغدا مەرجی زیاتری لە یاسای بودجەدا دەبێت، ڕەنگە عێراق چاودێری لە خەرجکردنی پارەکە بکات، هەرێمیش هیچ چارەسەری نییە و دەبێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئەم بڕیارە.
خەڵك: بە بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی گرێبەستە ٥٠ ساڵییەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا هەڵوەشایەوە؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید: هەموو مامەڵەیەک و گرێبەستێک لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان بەپێی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس هەڵوەشاوەتەوە، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیش تەواوی گرێبەستەکانی پێشووی هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە ئایا کە هەرێم مافی ئەو گرێبەستانەی نەبووە چۆن ئەم گرێبەستانەی کردووە، ئایا ئەم کۆمپانیانەی بواری نەوت کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم کردووە، ئایا سکاڵا لەسەر هەرێم تۆمارناکەن، ئەمە بۆ ڕۆژانی داهاتوو دەمێنێتەوە، کە ئایا ئەوان لەو زیانەی دەیکەن باجەکەی خۆیان دەیدەن بۆیە هەرێم لەبەردەم دووڕیانێکی زۆر مەترسیداریادایە، مەترسیدارە.
خەڵك: کۆمپانیاکان کە دەیانزانی هەرێمی کوردستان مافی ئەو گرێبەستەی نییە، بۆچی ئەو گرێبەستەیان کرد؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید: کۆمپانیاکان لەسەر بنەمای ڕاڤەی دەستو،ری ئەمەیان کردووە، ئەوانیش بۆ زۆرترین قازانج گەڕاون، بەڵام دواجار یاسا لە بەرژەوەندی ئەواندایە، عیراق سکاڵایان لەسەر تۆمارناکات، بەڵام پێم وایە دواجار ڕەنگە عێراق بانگی ئەم کۆمپانیایانە فکات و گرێبەست ئەنجام بدەن، پێم وایە دواجار ئەو کۆمپانیایانە سکاڵا لەسەر هەرێمی کردستان بکەن بۆ ئەوەی بتوانن قەرەبووی ئەو زیانانە بکەنەوە لە هەرێمی کوردستان کردوویانە.
خەڵك: چارەسەر لەبەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کێشەی دابینکردنی مووچە چییە؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید: ئێستا کە شاندەکە لە بەغدایە، دەتوانن کێشەکە چارە بکەن، دەتوانن ڕێککەوتن بکەن و لە مەودوا ئەو نەوتە لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ بفرۆشرێت، مانگانە عێراق پێشینە (سولفە) بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.