بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی، بارستە هەوایەكی سارد ڕوو لە چەند ناوچەیەكی هەرێم دەكات و بەفریش دەبارێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، پێشبینی هاتنی بارستەهەوایەكی سارد بۆ سەر ناوچەكەمان لە درەنگانی شەوی پێنج شەمە هەیە.
دەشڵێت: لە ئێستادا كاریگەری ئەم بارستەهەوا ساردە گەیشتووەتە سەر بەشێك لە وڵاتی توركیا كە سەرچاوەكەی جەمسەری باكوورە.
هەروەها دەڵێت: پێشبینیدەكەین سبەی لە درەنگانی شەودا ئەو بارستەهەواساردە بگاتە سەر بەشێك لەناوچە شاخاوییەكانی سنووری پارێزگای دهۆك و پاشان لە رۆژی هەینی لە تەواوی هەرێم كاریگەر دەبێت.
ئاماژە بە ئەوەش كراوە، لەگەڵ گەیشتنی ئەم بارستەهەوا ساردە پلەكانی گەرما بەچەند پلەیەك نزمدەبنەوە بەتایبەت نزمترین پلەكانی گەرما، پێشبینی دابارین هەیە بە تایبەت لە كاتەكانی بەیانی زووی رۆژی هەینی كەمێك باران و بەفریش لەسەر لووتكەی شاخە بەرزە سنوورییەكان دەبارێت.
باس لە ئەوەش كراوە، لەگەڵ بەردەوامی نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما لە رۆژی هەینی شەپۆلێكی بەفربارین ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان و ناوچە شاخاوییە بەرزەكان بە تایبەت ئەو ناوچە شاخاوییانەی بەرزیان لە 2000 مەتر زیاترە، دەگرێتەوە.
بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی هەرێم، چڕترین ماوەی بەفر بارین دەكەوێتە شەوی هەینی و بەرەبەیانی رۆژی شەممە.
ئاستی بەفری پێشبینیكراو لە نێوان (5-15)سم دەبێت رۆژی شەممە نزمترین پلەكانی گەرما لە قەزاو ناحیەكانی ناوچە شاخاوییەكان نزیك دەبێتەوە لە سفر پلەی سیلیزی و لە سەنتەری پارێزگاكان لە نێوان (2-4) پلەی سیلیزی دەبێت.