وەزارەتی كشتوكاڵ بابەتی “مۆز و پلانتاین”ەكەی یەكلایی كردەوە



وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم لەبارەی ئەو میوەیەی ناوی ” پلانتاین” و گوایە بەناوی “مۆز”ەوە لە كوردستان دەفرۆشرێت ڕوونكردنەوە دەدات و دەڵێت: “ئەوەی لە كوردستاندا دەفرۆشرێت مۆزە، ڕەنگە ئەو بەرهەمەش هەبێت، بەڵام بەو ڕادەیە نییە كە بڵاودەكرێتەوە.”

د. زێدا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی كشتوكاڵ لەبارەی فرۆشتنی بەرهەمێكی كشتوكاڵی بەناوی “پلانتاین” لە هەرێمی كوردستان كە شێوەكەی بە مۆز دەچێت، بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە، “ئەو بابەتەی باسكراوە بەو شێوەیە نییە، كە بووەتە هۆی دروستكردنی گومان لەلای خەڵك، گوایە ئەو مۆزەی لە هەرێمی كوردستان دەفرۆشرێت مۆز نییە و پلانتاینە، بابەتەكە خۆی بۆ سۆشیاڵ میدیایە، بە شێوەیەكی نازانستی باسكراوە.”

د. زێدا محەمەد، بە دووری نازانێت، میوەی پلانتاین لە هەرێمی كوردستان هەبێت، بەڵام دەڵێت: “ئەوەی لە كوردستاندا هەیە مۆزە، ناكرێت گومان لەلای خەڵك دروست بكرێت لەسەر بنەمایەكی ناڕاست، رەنگە ئەو بەرهەمەی دیكە هەبێت، بەڵام كەمە و بەناوی مۆزیشەوە نافرۆشرێت.”

دەشڵێت: “بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەكەن و دەبێت سەرەتا ئەو بابەتە یەكلایی بكرێتەوە، چونكە بەو شێوەیە بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیاریی نادروست و ناتەواو باش نییە.”

دوێنێ‌ دوو شەممە، لەشكر حەمید، ئەندازیاری خۆراك و سەرۆكی پێشووی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی ئەو بابەتەی ورووژاند، ئەوەش دوای ئەوەی لە ڤیدیۆ گرافیكێكدا وتی: “لە هەرێمی كوردستان بەرهەمێك بەناوی پلانتاینەوە بەناوی مۆزەوە دەفرۆشرێت، كە لە مۆز جیاوازە”.

لەشكر حەمید باسی جیاوازی نێوان مۆز و پلانتاین دەكات و دەڵێت: “مۆز بەهایەكی بەرزی خۆراكی هەیە، رێژەیەكی زۆری ڤیتامین و كانزاكانی تێدایە و درێژییەكی شەش ئینج (15 سانتیمەتر) زیاتر نییە، بەڵام ئەو بەرهەمی دیكە ناوی پلانتاینە و درێژییەكەی 12 ئینج دەبێت، تامی تفتە و شیرین نییە، تام و چێژی نییە، راستە زیانی نییە و بەهای خۆراكیی بەرزە، بەڵام راستەوخۆ ناخورێت و دەبێت پارچە پارچە بكرێت و لە رۆندا سووربكرێتەوە و دواتر بخورێت.”

بە وتەی ئەو ئەندازیارەی خۆراك، نرخی پلانتاین لە مۆز هەرزرانترە، بەڵام لە بازاڕەكان بەناو و نرخی مۆزەوە دەفرۆشرێت.

نرخی مریشك گران بوو
پێشت نرخی مریشك گران بوو
ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم نرخی نەوتی لە جیهاندا بەرزكردەوە
دواتر ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم نرخی نەوتی لە جیهاندا بەرزكردەوە
پەیوەندیدار