ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، زەینەب موسەوی رایگەیاند كە “بەغدا و ھەولێر لەبارەی دەركردنی یاسای نەوت و غاز رێككەوتوون”.
زەینەب موسەوی كە سەربە فراكسیۆنی ھاوپەیمانی فەتح-ە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا رایگەیاند رێككەوتنێك لەبارەی دەركردنی یاسای نەوت و غاز لەنێوان بەغدا و ھەولێر ھەیە “لە میانی وەرزەكانی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، یاسای نەوت و غاز دەردەكرێت”.
دەشڵێت: “یاسای نەوت و غازی فیدراڵیی، دەبێتە مایەی دەستەبەركردنی مافی ئەو پارێزگایانەی ناوەڕاست و باشوور كە نەوت بەرھەمدەھێنن”.
باسی لەوەیش كردووە، گفتوگۆكان لەبارەی رەشنووسی یاسایەك بۆ ئەوەی ببێتە مایەی چارەسەركرنی ناكۆكییەكانی نێوان ناوەند و ھەرێم بەردەوامە “یاساكە، رادەستكردنی داھاتی رۆژانەی ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت، لەلایەن ھەرێمەوە بە گەنجینەی گشتیی دەستەبەر دەكات”.
ئەوە دوای ئەوە دێت رۆژی ٢٥ی ئاداری 2023، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندبوو، ئەو سكاڵایەیان بردووەتەوە كە لەسەر دۆسیەی ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێمی كوردستان لەڕێگای توركیاوە تۆماریان كردبوو.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەدابوو، میكانیزمەكانی ھەناردەكردنی نەوتی عێراق لەڕێگای بەندەری جەیھانی توركیاوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە ھەرێم و دەسەڵاتدارانی توركیا تاووتوێ دەكات بەپێی داتا نوێیەكانی دوای دەركردنی بڕیاری كۆتایی لەلایەن دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتییەوە لە پاریس.
ڕوونیشیكردەوە، ئەو میكانیزمە بە شێوەیەك دەبێت كە گرەنتی بەردەوامی ھەناردەكردنی نەوت بكات لەگەڵ جێبەجێكردنی ئەركەكانی كۆمپانیای سۆمۆ لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان لەڕێگای بەندەری جەیھانەوە، ئەمەیش بە سووربوونی وەزارەتی نەوت بۆ ھەناردەكردنی تەواوی ئەو بڕە نەوتەی لە سەرجەم كێڵگە نەوتییەكان بە ھەرێمیشەوە تەرخان دەكرێت.
دوای بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردووە و لە میانیدا لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، حەییان عەبدولغەنی كۆبووەوە.
شاندەكەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێكھاتبوو لە وەزیری سامانە سروشتییەكان، كەمال محەمەد و سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئومێد سەباح و سەرۆكی نوێنەرایەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەغدا، فارس عیسا.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەدابوو كە لە میانی كۆبوونەوەكەدا، رێوشوێن و میكانیزمی نوێ لەبارەی ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێمی كوردستان تاوتوێ كراوە.
ئەمڕۆ سێ شەممە جارێكی دیكە شاندێكی هەرێمی كوردستان گەیشتەوە بەغدا.
فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم، شاندی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری و كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت و ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران گەیشتنە بەغدا.
ئاماژەی بە ئەوەش كردووە، بڕیارە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عێراق چەندین دیدارو كۆبونەوە ئەنجام بدەن.