خاڤێر ئیكۆڤیل ئەندامی ئەنجومەنی نوینەرانی فەڕەنسا خەڵاتی یەپەگە و یەپەژەی كرد لەبەرامبەر تێكۆشانی ئەو دوو هێزەدا.
خاڤێر ئیكۆڤیل ئەندامی ئەنجومەنی نوینەرانی فەڕەنسا، خەڵاتی پێشكەش بە روكسان محەمەد وتەبێژی یەپەژە و نووری مەحموود وتەبێژی یەپەگە كرد.
ئەو خەڵاتكردنە لە رێوڕەسمی پیرۆزباییكردنی جەژنی نەورۆزدا بوو كە لەلایەن یەكێتی كارسازانی كورد – فەڕەنساییەوە رێكخرابوو.
لە رێوڕەسمەكەدا شاندێكی خۆبەڕێوەبەری باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا و ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی پیران و سیاسەتمەدارانی فەڕەنسایی بەشداربوون.
لە رێوڕەسمەكەدا باسی دۆخی رۆژئاوای كوردستان و باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا و هێرشی دژی هەرێمەكە كرا. هەروەها داوا لە فەڕەنسا و وڵاتانی رۆژئاوا كرا كە پشتگیری لە باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا بكەن.
بەشداربووان ئاماژەیان بە كۆمەڵكوژی (٢٠ی ئادار) كرد لە ناوچەی جندرێس و بەشێكی دیكەی كۆوبونەوەكە لەبارەی پرسی گۆڕینی دیموگرافیا لەلایەن دەوڵەتی توركیا و هاوپەیمانەكانیەوە لە ناوچە داگیركراوەكانەوە بوو، كە پێویستە هێزە نێودەوڵەتییەكان رێگری لەو تاوان و پێشێلكاریانە بكەن.