بەنزینە ٦٩٠ دینارییەکەی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان ڕاگیرا، وتەبێژی بەنزینخانەکان هۆکارەکەی بۆ پشووی دوێنێى بەغدا گەڕاندەوە.
بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ماوەی دوو ڕۆژە بەنزینە ٦٩٠ دینارییەکە لە سلێمانی دابەشنەکراوە، بەشێکی هۆکارەکەشی بۆ پشووی فەرمی لە عێراق گەڕاندەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، تا ئێستا هۆکاری سەرەکی نەهاتنی بەنزینەکە دیارنییە.
لەبەرامبەردا نێچیر خەلیل، جێگری بەڕێوەبەری بەنزینخانەی هەڵوێست بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەهۆی پێنەدانەوەی پارەی بەنزینەکە بە حکومەتی عێراقی بەنزینەکە بۆ سلێمانی نانێردرێت و دابەشناکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا دیار نییە کەی دەست بە دابەشکردنەوەی بەنزینە ٦٩٠ دیناریيەکە دەکرێتەوە، هیچ وەڵامێکی ئەوتۆشیان لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانيیەوە دەستنەکەوتووە.
ماوەی کەمتر لە سێ هەفتەیە بەنزینی ٦٩٠ دیناری لە پارێزگای سلێمانی دابەشدەکرێت، کە تایبەتبوو بە ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان و لە سێ بەنزینخانەی شاری سلێمانی دابەشدەکرا.
لە کاتێکدا لە هەولێر و هەڵەبجەش بەنزینە ٦٩٠ دینارییەکە دابەشدەکرێت، بەڵام تەنها لە سلێمانی ڕاگیراوە.