دوای ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دیاریكرد، ئەو بابەتە كاردانەوەی لێكەوتەوە، چونكە یاسای هەڵبژاردن هەموار نەكراوەتەوە و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیش بەسەر چووە.
دوێنێ یەكشەممە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆژی 18\11\2023 ی وەكو ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان دیاریكرد، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم بەسەرچووە و هیشتا یاسای هەڵبژاردنیش هەموار نەكراوەتەوە.
لەو بارەیەوە بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەڕلەمانی كوردستان دەڵێت، لێكنزیكبوونەوەی باش لەنێوان سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا هەیە بۆ ئەوەی پڕۆژەیەكی هاوبەش سەبارەت بە هەڵبژاردن پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن.
سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لیژنەیەك سەرقاڵی چاوخشاندنەوەیە بە سیڤییەكان بۆ ئەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران هەڵبژێردرێن.
لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن وتی، ئەوەندەی من بەشداری كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بووم پێشبینی دەكەم پڕۆژەیەكی هاوبەشی نێوان لایەنەكان هەبێت بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان و خوێندنەوەی بۆ بكرێت هەتاكو بكرێتە پڕۆژە یاسا.
ئاماژەی بە ئەوەش كرد، لێكنزیكبوونەوەیەكی باش لە نێوان سەرۆكی فراكسیۆنەكاندا هەیە بۆ ئەوەی بگەن بە ڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر بابەتی هەڵبژاردن.
ئەوە لەكاتێكدایە بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی ڕزگار حاجی حەمە، لە لێدوانێكی میدیایدا ڕایگەیاندووە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەسەرچووە و یاسای هەڵبژاردنیش لە هەرێم هەموار نەكراوەتەوە ئیتر چۆن هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت.
ئاماژەی بە ئەوەشكردووە، بۆ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان پرس بە لایەنە سیاسییەكان نەكراوە.
لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام نەدراو تەمەنی پەرلەمانی كوردستانیش ساڵێك و دوو مانگ درێژكرایەوە، دواجار دوێنێ یەكشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆژی 18\11\2023 ی وەكو ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان دیاریكرد،