جۆن كێربی: جۆ بایدن سوورە لەسەر مانەوەی هێزە ئەمریكاییەكان لە سووریا
بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیجییەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی كۆشكی سپی، جۆن كێربی رایگەیاند “سەرۆكی ئەمریكا، جۆ بایدن بە شێوەیەكی خێرا و بوێرانە وەڵامی هێرشەكانی سەر دامەزراوە سەربازییەكانی ئەمریكای لە سووریا داوەتەوە و ئەركی سەربازەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە بەردەوام دەبێت”.
جۆن كێربی لە میانی بەشداریكردنی لە پرۆگرامی ” Face the Nation “ی كەناڵی تەلەڤیزیۆنی سی بی ئێس، رایگەیاند: “ئەمە هێرشێكی جیددی گرووپە میلیشیاییەكان بوو، و سەرۆك بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەمە بەشێوەیەكی خێرا و بوێرانە وەڵامی دایەوە”.
جۆن كێربی، گوتیشی: “كەمتر لە هەزار سەربازمان لە سووریادا هەیە و سەربازانی ئەمریكا لە سەر ئەركی خۆیان لە سووریا دەمێننەوە و بایدن زۆر سوورە لەسەر هێشتنەوەی سەربازانی ئەمریكا لە سووریا”.
كێربی، باسی لەوەش كرد، ئەگەر بایدن بە پێویستی بزانێت ئەوە وەڵامی زیاتری ئەو هێرشانە دەدەنەوە كە گرووپە پاڵپشتی كراوەكان لەلایەن ئێرانەوە لە ٢٣ی ئادار كردیانە سەر كارمەند و دامەزراوەكانی ئەمریكا لە سووریا و عێراق.
جۆن كێربی، دەڵێت: “ئەم هەفتەیە لێرەوە ئەوەمان نیشاندا كە هەمووكات بە پێداگرییەوە بەرگری لە گەلی ئەمریكا دەكەین” و جەختی لەوە كردەوە كە ئەم پەیامە “بە دەنگێكی بەرز و بەشێوەیەكی روون” بۆ بەرامبەرەكەیان ناردووە.
لە ٢٥ی ئادار لە ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی گرووپە تیرۆریستییە پاڵپشتیكراوەكان لەلایەن ئێرانەوە لە پارێزگای دێرەزۆری سووریاوە بە مووشەك هێرش كراوەتەسەر كێڵگەی نەوتی عومەر و كێڵگەی گازی كونیكۆ كە هێزەكانی ئەمریكای تێیدا نیشتەجێكراوە.