دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی: بۆ دیاریکردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردن پرس به‌ هیچ لایه‌نێکی سیاسی نه‌کراوه



رزگار حاجی حەمە: بۆ دیاریکردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردن پرس به‌ هیچ لایه‌نێکی سیاسی نه‌کراوه‌

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی رایگەیاند، بۆ دیاریکردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردن پرس به‌ هیچ لایه‌نێکی سیاسی نه‌کراوه‌، پاشان گه‌ر کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن واده‌ی به‌سه‌رچووبێت و یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موار نه‌کرابێته‌وه‌، هه‌ڵبژاردن چۆن ئه‌نجام ده‌درێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦-٣-٢٠٢٣، سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ڕۆژی ١٨-١١-٢٠٢٣ی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان دیاریکرد، هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانیشی راسپارد بۆ ئه‌نجامدانی کاری پێویست بۆ ئاماده‌کارییەکانی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن.

رزگار حاجی حەمە، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، هێشتا یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موارنه‌کراوه‌ته‌وه‌ و کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنیش واده‌ی به‌سه‌رچووه‌، ئیتر چۆن هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێت.

سه‌رۆکی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌کێتی ئاماژه‌به‌وه‌ده‌کات، له‌کاتێکدا واده‌ی هه‌ڵبژاردن دیاریکراوه‌، لایه‌نه‌کان سه‌رقاڵی گفتووگۆ و دانوستان بوون له‌سه‌ر هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن، ده‌ڵێت”ئێمه‌ نازانین له‌سه‌ر چی بنه‌مایه‌ک واده‌ی هه‌ڵبژاردن دیاریکراوه‌.”

رزگار حاجی حه‌مه‌ وتی “ئێمه‌ سه‌رقاڵی لێکتێگه‌یشتن بووین، هه‌ڵبژاردن بکرێته‌ فره‌ بازنه‌یی، کورسییه‌کان به‌پێی داتای عێراق دیاری بکرێن و کۆمه‌ڵێک بابه‌تی تر، به‌ڵام هێشتا ئه‌مانه‌ نه‌کراون.”

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری دروستبوونی ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردن دا، له‌کاتێکدا هێشتا لایه‌نه‌کان رێکنه‌که‌وتوون، دڵشاد شه‌هاب وته‌بێژی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم وتی”داوا له‌ حزبه‌کان ده‌که‌ین به‌رژه‌وه‌ندی باڵای هه‌رێم له‌به‌رچاو بگرن و پشتگیری په‌رله‌مان بکه‌ن، تا هه‌نگاوی کرده‌یی بنێت بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن.”

هه‌روه‌ها وتیشی”په‌رله‌مان لیژنه‌ی پێکهێناوه‌ بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و داواکاریانه‌ی پێشکه‌شکراون بۆ ئه‌ندامێتی له‌ کۆمیسیۆن و هه‌نگاویش نراوه‌ بۆ یه‌کخستنی تێبینیه‌کان بۆ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن، که‌واته‌ گرفته‌کانی به‌رده‌م هه‌ڵبژاردن نه‌ماون و ته‌نها رێگه‌ له‌به‌رده‌ممان ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌ له‌مساڵدا.”

لەلایەکی تریشەوە، دلێر عه‌بدولخالق وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای وت “بڕیاربوو کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له‌ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه‌کان ئه‌نجام بدرێت بۆ دیاریکردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام پێده‌چێت کۆبوونه‌وه‌که‌ ئه‌نجام نه‌درابێت، بۆیه‌ وه‌فدی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی لایه‌نه‌کانی کرد و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ کردن.”

دەشڵێت:”ئێمه‌ وه‌کو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پرۆسه‌ی دیموکراسیمان له‌ دۆخی رێکخراوه‌یی لا گرنگتره‌، به‌ تایبه‌ت گه‌ر هه‌ڵبژاردن ببێته‌ هۆی سڕینه‌وه‌ی ئه‌و تێبینیانه‌ی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و رێکخراوه‌کان له‌سه‌ر هه‌رێم هه‌یانه‌.”

لە ٢٧-٢-٢٠٢٣، دەزگای هەڵبژاردنەکانی یەکێتی نیشمانی کوردستان و بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا پاش کۆبونەوەیەک لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند کە لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن ڕێککەوتن.

سامسۆنگ، هەڵمەتێکی ناوازە لەمانگی ڕەمەزاندا دەستپێدەکات
پێت سامسۆنگ، هەڵمەتێکی ناوازە لەمانگی ڕەمەزاندا دەستپێدەکات
نەهرۆ رواندزی؛ راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم رۆژانە زیانی 40 ملیۆن دۆلار بە عێراق دەگەیەنێت
دوات نەهرۆ رواندزی؛ راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم رۆژانە زیانی 40 ملیۆن دۆلار بە عێراق دەگەیەنێت
پەیوەنیدر