نەوەیەكی شێخ مەحمودی حەفید ڕایدەگەیەنێت ، ئەوەی كونسوڵی ئەمریكا باسی كرد، هەڵەیەكی گەورە بوو، بگرە تاوانێكیشە بەرامبەر خەبات و تێكۆشانی نەتەوەیەكی ئازادیخوازو زیندوو.
شێخ مەحمود حەفید زادە، نەوەی شێخ مەحمودی حەفید كە ماوەیەك وەزیری ئەوقاف بووە لە حكومەتی هەرێم، لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی: ئەوەی كونسوڵی ئەمریكا گوتی، هەڵەیەكی گەورە بوو، بگرە تاوانێكیشە بەرامبەر خەبات و تێكۆشانی نەتەوەیەكی ئازادیخوازو زیندوو”.
ڕاشیگەیاندووە، كە ئاسایی بوو، ڕەخنە بگرێت لە بابەتێكی دیاریكراو، بەڵام ئاسایی نیە دەستكەوتەكانی گەلەكەمان و قەوارەی هەرێمی كوردستان بەكارتۆن بچوێنێ! ئەگەرچی ئەوە سیاسەتی فەرمی وڵاتەكەی نیە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە پێویستە ئێمەی كورد هۆشیار و یەكهەڵوێست بین بەرامبەر ئەو بارودۆخەی كە لە ناوچەكە دەگوزەرێت و یەكڕیزو هاوهەڵوێست بین بۆ داكۆكی كردن و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان.