ڕاوێژكاری پێشووی سەرۆك كۆماری عیراق ڕایدەگەیەنێت، سەیر و سەمەرەترین بابەت ئەوەیە لە كێشەیەكی یاسایی نێوان توركیا و عیراق لەدادگا، عیراق بیباتەوە و هەرێم پێی نیگەران بێت یا لایەنگیری توركیا بێت، دەشڵێت: “لەدوای هەڵبژاردنەكانی توركیا ئاسۆیەكی نوێ لەهەرێم دەردەكەوێت”.
سالار مەحمود،ڕاوێژكاری پێشووی سەرۆك كۆماری عیراق بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، پڕۆژەی ڕادەستكردنی ئابووری هەرێمی كوردستان بە توركیا تەواو، ئیدی شكستی هێنا و ڕێگا دروستەكە گەڕانەوەیە بۆ بەغدا، نوخبەی دەسەڵاتداری هەرێمیش لەبەر بەرژەوەندی بچووكی كەسی و گرووپ نایانەوێ تەسلیمی واقیعێكی باشتر ببن.
دەشڵێت: “بڕیاری دادگای پاریس لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە و واقیعی نوێش لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و ئایندەی قەوارەكەیە، بۆیە لە دوای هەڵبژاردنەكانی توركیا ئاسۆیەكی نوێ لەهەرێم دەردەكەوێت”.
ڕاشیگەیاند، چەندین ساڵە دەڵێین ئەزموونەكە لەبەردەم مەترسییە، مەترسییە ڕاستەقینەكەش ئەوەیە هەرێمی كوردستان ئیرادەی دەرەكی و بەتایبەتی توركیا لانی كەم بەسەر ئابوورییەكەیەتی، نەمانەوەی ئەم سێبەرە ڕەشە لانی كەم دەرفەت بەهەرێم دەدات بەخۆیدا بچێتەوە و ڕێگا دروستەكە هەڵبژێرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە شەرمە بۆ قەوارەیەكی فیدڕاڵی خاوەنی ئەنفال و كیمیاباران و چەندان كەیسی جینۆساید بێ، لەناوەندە جیهانیەكاندا هەموو لایەك ببێتە ئامۆژگاریكاری، بۆیە نەدەبوو بگاتە ئەو ئاستەی تەنانەت دیبلۆماتكارە بازرگانەكان ببنە ئامۆژگاریكار و ئەوان ڕێگای باش و ڕاست بە كورد پیشان بدەن.
ئاشكراشیكرد، هێشتا دەرفەتێك ماوە بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا، لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا گۆڕانكاری نوێ دروست دەبن و ئاسۆیەكی نوێ ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات، ئەگەر كوردستانی عیراق بەیەكگرتوویی خۆی بۆ ئامادە بكات.