دوو بوومەلەرزە بەگوڕەكانی ٤،٢ و ٤،٧ پلە پارێزگاكانی فارس لە باشووری ئێران و ئیلامیان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەژاند و لە پارێزگاكانی بوشەهیر، لوڕستان و خوزستان هەستیان پێ كرا.
بەپێی داتاكانی ناوەندی بوومەلەرزەناسیی نیشتمانیی ئێران، كاتژمێر ٢١:٤٣ بە كاتی خۆجێی بوومەلەرزەیەك بەگوڕی ٤،٢ پلە كە چەقەكەی شاری خێشت بووە، پارێزگای فارسی هەژاندووە.
بوومەلەرزەكە لە قوڵایی ١٠ كیلۆمەتر لە توێكڵی زەویدا روویداوە و لە پارێزگای بوشەهیر هەستی پێ كراوە.
لە لایەكی دیكەیشەوە كاتژمێر ٢٢:٤٣ بە كاتی خۆجێی بوومەلەرزەیەك بەگوڕی ٤،٧ پلە كە چەقەكەی شاری مورموری بووە، پارێزگای ئیلامی هەژاندووە.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی ئێران بڵاوی كردەوە، بوومەلەرزەكە لە قوڵایی ١٨ كیلۆمەتر لە توێكڵی زەویدا روویداوە و لە هەردوو پارێزگای لوڕستان و خوزستان هەستیان پێ كراوە.
زانیاری نەدراوە لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەكانی بوومەلەرزەكان.