شاندی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی لە بارەی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣ كۆبوونەوە و ڕێككەوتن لیژنەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە نێوان هەردوولا پێكهێنرێت .
جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم و ئەندامی شاندەكەی هەرێم بۆ بەغدا لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەك شەممە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدایان كرد.
ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، كە لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ شاندی حكومەتی فیدڕاڵی گفتوگۆ لەسەر ئامادەكارییەكان بۆ نووسینەوەی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی فیدڕاڵی كرا و گفتویەكی تێروتەسەل لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی حكومەتی فیدڕاڵی كرا و بیروبۆچوونەكان گفتوگۆی لەسەركرا.
ئاشكراشی كردووە، بڕیار درا لیژنەیەك لە نێوان هەردوولا پێكهێنرێت و دەست بەكارەكانی خۆی بكات.
بە وتەی وتەبێژی حكومەتی هەرێم، “شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕی، لەسەر بنەمای دەستوور، تەواوی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە و لە نێویشیاندا كێشەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات”.