وەزارەتی سامانەسروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە بڕیاری دادگەی پاریس لەبارەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایدەگەیەنێت، سەردانی بەغدا دەكەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەركردنی بابەتەكانی پەیوەندیدار.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاوكردەوە، بریارەكەی دادگای فەرەنسی لەبەرژەوەندی حكومەتی عێراق دژی توركیا ڕێگر نابێت لە پەیوەندیەكانمان لەگەڵ حكومەتی بەغدا كە سەردانی بەغدا دەكەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەركردنی بابەتەكانی پەیوەندیدار.
دەقی راگەیێندراوەكەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان:
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم چەند مانگەی دواییدا ، لە گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامدابووە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و دواجار لە سەر پرسی بودجە و نەوت وگاز ، هەردوولا گەیشتوونەتە ڕێككەوتنی سەرەتایی و لەیەكتێگەیشتنی باش كە لە چوارچێوەی دەستووردا ، ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دابین دەكرێن .
بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ، لە پەیوەندی بەردەوامدایە لە گەڵ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی فیدرال ، لە دوای سەردانی سەرۆك وەزیرانی فیدرالیش بۆ هەرێمی كوردستان، جەخت لە چارەسەركردنی كێشەكان لە سەر بنەمای دەستوور كرایەوە.
بریاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حكومەتی عێراق دژی توركیا، ڕێگر نابێت لە پەیوەندیەكانمان لە گەل حكومەتی بەغدا.
لەم چوارچێوەیەدا ، سەردانی بەغدا دەكەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەركردنی بابەتەكانی پەیوەندیدار.
لەمبارەیەوە حكومەتی هەرێم وێڕای دووپاتكردنەوەی هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی لە دەستبەردارنەبوون لە مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان، بەردەوام دەبێت لە پەیوەندیەكانی لە گەل بەغدا تا گەیشتن بە چارەسەری بنەرەتی و یاسایی و دەستووری.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی
حكومەتی هەرێمی كوردستان
2023/3/25