بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، شەپۆلێكی تاوە بارانی بە لێزمەی بەهاری ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و پلەكانی گەرما ڕوو لە دابەزین دەكەن و هاوكات ڕەشەبا هەڵدەكات.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سبەی یەك شەممە ٢٦-٣-٢٠٢٣ كەشی ھەرێمی كوردستان و ناوچە جیاجیاكانی عێراق لەئەنجامی كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەك ڕوو لەناسەقامگیربوون ئەكات و ئاسمانی ناوچەكە بەزۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچە ھەور لەگەڵ چالاكبوونی بای باشووری ڕۆژئاوا لە زۆربەی كاتەكان بەخێرایی ١٥ تا ٣٥كم/ لە كاتژمێرێكدا.
ڕاشیگەیاند، پلەكانی گەرما بەڕێژەی ٣ تا ٤ پلە نزم دەبنەوە و لەكاتەكانی پاش نیوەڕۆدا ئەگەری چالاكبوونی ھەورە تریشقە و تاوە باران لەھەندێ ناوچەدا ئەبێت.
ڕوونیشی كردەوە، لەكاتەكانی ئێوارە و شەودا كاریگەری چالاكتر و فراوانتر ئەبێت بۆ سەرجەم ناوچەكان ناو بەناو ھەورە تریشقە چالاك دەبێت لەگەڵ تاوە بارانی بەلێزمەدا، كە ھەندێ كات و ناوچەش تەرزە ئەبارێت .
وتیشی، “تا ئێوارەی ڕۆژی دوو شەممە ٢٧-٣-٢٠٢٣ كاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەكانمان بەچالاكی ئەمێنێتەوە، لەو ماوەدا ئەگەری چالاكبوونی ھەورە تریشقەی توند و بەھێز ئەبێت، كە زۆرێكی لەناكاو دروست دەبێت، بۆیە لە شوێنی بەرز و درەخت و ئەو ھۆكارانەی بەركەوتنیان بە بروسكە زیاترە نزیكیان مەبنەوە تا سەقامگیربوونەوەی دۆخەكە”.