بەرەبەیانی ئەمڕۆ بنكەیەكی هێزەكانی ئەمریكا لە دێرەزوور لە سوریا مووشەك باران كرا و ژمارەیەك سەرباز و بەڵێندەری ئەمریكی بریندار بوون و سەرۆكی ئەمریكاش هەڕەشەی وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران دەكات.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی (TR)ی ڕوسیا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (شەممه 25ی ئادار)، كێڵگەی كۆنیكۆ لە ڕۆژئاوای ڕووباری فوڕات لە دێرەزوور، كە گەورەترین بنكەی ئەمریكاییەكانە لە سوریا، بە 15 مووشەك هێرشی كراوەتە سەر.
ئاژانسەكە لە زاری سەرچاوەكانەوە بڵاویشی كردۆتەوە، ئاگر لە كێڵگەی كۆنیكۆ كەوتۆتەوە و ڕاپۆرتی پشتڕاستنەكراوە لەبارەی برینداربوونی سەرباز و بەڵێندەرانی ئەمریكاوە هەیە.
ئاماژەیان بەوەشكردووە، تۆپباران لە نێوان هێزەكانی سەر بە ئێران و هێزەكانی ئەمریكا له سوریادا هەیە.
بنكەكەی ئەمریكا، هەردوو كێڵگەی غازی كۆنیكۆ و كێڵگەی نەوتی ئەلعومەر لەخۆ دەگرێت، كە دوو گەورەترین كێڵگەی نەوت و غازن لە سوریا.
لای خۆشیەوە، جۆ بایدن، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەڕەشەی وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران دەكات و دەڵێت: “ئەمریکا بۆ پاراستنی هێزەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا بە تووندی گورز دەوەشێنین”.
جەختیشی كردەوە، ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستی لە ناوچەکەدا.
دووەم هێرشی سەر بنكەكانی ئەمریكا لەكاتێدایە، كە دوێنێ هەینی 24ی ئاداری 2023، پێنتاگۆن لە تۆڵەی هێرشێکی ڕۆژێکی پێشتری فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ سەر بنکەیەکی لە نزیک حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، سێ پێگەی گرووپێکی چەکداری نزیک لە ئێرانی کردە ئامانج و لەو هێرشانەدا “لانیکەم 14 کەس کوژراون.”