بەپێی بڕیاری وەزارەتی ئەوقافی هەرێم، لە ڕۆژی 23ی ئەم مانگەوە ڕەمەزانی ئەمساڵ دەستی پێكرد و شارەزایەكی فەلەكی دەڵێت: “مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ 29 ڕۆژ دەبێت”.
لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێم ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە 21ی ئادار، بڕیاریدا ڕۆژی پێنج شەممە 23ی ئادار بكرێتە یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵ.
سیروان ساڵح، شارەزای فەلەكی و كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پێشتریش بەپێی هەژماری فەلەكی باسمان لەوە كردبوو، كە ڕۆژی پێنج شەممە 23ی ئادار دەبێتە ڕەمەزان، هەر لەو ڕووانگەیەشەوە پێمان وایە، كە ڕەمەزانی ئەمساڵ 29 ڕۆژ دەبێت نەك 30 ڕۆژ.
ڕاشیگەیاند، ڕەمەزانی ئەمساڵ ( 29 ) ڕۆژە و ڕۆژی هەینی ( 2023/04/21 ) یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزه.
پێشتریش، نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كە بۆ دیاری كردنی یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز و جەژنی ڕەمەزان لە هەرێمی كوردستان پشت بە بڕیاری لیژنەی باڵای بینینی مانگ دەبەستین.
بەپێی ڕۆژەكانی ڕۆژمێری ساڵی كۆچی، ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی هەردوو مانگی ڕەجەب و شەعبان 30 ڕۆژ بوون، بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە مانگی ڕەمەزان 29 ڕۆژ دەبێت.