گرانی بازاڕ و ڕەمەزان



سەركۆ یونس، ئابووریناس

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، هەموو جیهان شایەتی بەرزبوونەوەی ئاستی گشتی نرخەكان بوون، لەئەنجامی كاردانەوەكانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و بارودۆخی كەشوهەوا. لەهەمانكاتدا دەرئەنجامی بەرزبونەوەی نرخی پیشەسازی و ووزە وگواستنەوە بۆ بەرزترین ئاست. گەورەبوونی قەبارەی نەختینەیی لەبازاڕەكاندا بەهای دراوەكان بەرەو دابەزین چوون وهێزی شتكڕینی دراوەكان كەمبووەتەوە.

ڕێژەی هەڵاوسان لە عێراقدا، لەماوەی ساڵی ڕابردوی 2022دا بەرزبووەتەوە و لەئێستادا هەڵاوسان بە ڕێژەی 8% زیادی كردووە، ئەمەش بەهۆی كاردانەوەی ئەو نرخەی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر بەدۆلار، كەلە ماوەی 3 ساڵی ڕابردودا سێ جار دەستكاری كراو گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، دوبارە دەستكاریكردنی بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلار، جارێكی تر ناسەقامگیری لەمامەڵەبازرگانییەكاندا دروستكردووە، سەرەڕای هەوڵەكانی بانكی ناوەندی و حكومەتی ئێراقی، هێشتا جیاوازییەكی گەورە هەیە لەنێوان نرخی فەرمی لەلای بانكی ناوەندی و نرخی بازاڕ كەنزیك دەبێتەوە بۆ 20-25%. ئەمەش ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت لەسەر ئاستی گشتی نرخەكان ومووچەخۆران و هاوڵاتیانی ئێراق باجی ئەم بەرزبونەوەیە دەدەن.
لەلایەكی ترەوە حكومەت وبانكی ناوەندی بۆ كەمكردنەوەی هەڵاوسان، پاڵپشتێكی گەورە دەكەن، لەوانە پاڵپشتیكردنی بەرهەمی ناوخۆیی و پاراستنی بەهای دراوی نیشتمانی و بەشەخۆراكی هاوردەكردن(كۆبونی خۆراك)
ئەم ڕێوشوێنانە هاوكارو یارمەتیدەر دەبن بۆ گەیشتن بە دۆخی سەقامگیری لە هەڵاوساندا، بەتایبەت ئەو مادەخۆراكیانەی لەڕێگای كۆبۆنەوە دابەشدەكرێت. بەڵام لەبەرئەوەی ئێراق، بەڕێژەی 90% پشت بەهاوردەكردن دەبەستێت بۆ پڕكردنەوەی پێویستیەكانی كۆمەڵگا، ئەوا هەڵاوسانەكە بەردەوام دەبێت، چونكە چارەسەرەكان لەدەرەوەی دەستەڵاتی حكومەتدایە.

كۆمەڵگای ئێراقی، لەبارودۆخێكدا دەچنە ناو مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەوە، كە گرانی و بەرزی نرخی سەبەتەكانی خۆراك و خواردەمەنی و میوە و گۆشتی سپی و سوور لەبەرزترین ئاستی نرخەكانیاندان، ڕاستە ئێراق خاوەنی قەبارەیەكی گەورەیە لەدۆلار و كێشەی سیولەی نەماوە، بەڵام بەرهەمی ناوخۆیی كەمەو لەئاست خواستی 40 ملیۆن دانیشتوانەكەیدا نی یە، ناچار دەتوانین بڵێن سەرجەم پێداویستییەكان لەدەرەوە دابین دەكرێت، نرخی هاوردەكراوەكانیش بەبەرزی دێتەناو بازاڕەكانی ئێراقەوە،بێ گومان هەرێمیش وەك بەشێك لەئێراق، هەمان كێشەو ئاریشەی هەیە و بەهۆی دواكەوتنی مووچەو نەبوونی بەشەبودجەی وەبەرهێنان بارگرانییەكە گەورەترو كاریگەرتر دەبێت.

لەتایبەتمەندییەكانی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان كەخۆی دەبینێتەوە لەخواستی زۆرو بەكاربردنی گەورە لەسەرجەم پێداویستییەكان بەگشتی و خۆراك و خواردەمەنی بەتایبەتی. بازاڕ لەم مانگە پیرۆزەدا گەرمە و جمەی دێت، چونكە ئارەزووی بەكاربردنی هاوڵاتیان زۆرە، هەربۆیە پێویست دەكات لەسەر لایەنەپەیوەندیدارەكانی چاودێری بازرگانی و لیژنەكانی قائمقامیەتەكان بەووردی و بەئاگاییەوە كارەكانیان ئەنجام بدەن، چونكە لەم كاتەدا بەداخەوە بەشێك لەبازرگانان و فرۆشیاران ئەم دەرفەتە دەقۆزنەوە بۆ ساغكردنەوەی خۆراك و خواردەمەنییەبەسەرچووەكانیان، باجی ئەم كارەش هاوڵاتیان دەیدەن، لەهەمانكاتدا چەندین دەرئەنجامی خراپی ئابوری و تەندروستی و كۆمەڵایەتی لێ دەكەوێتەوە.
زۆر گرنگە، هەر شوێن و جێگاو فرۆشیارێك، سەرپێچی ڕێنمیاییەكان و گرانفرۆشی و خۆراك و خواردەمەنی ماوەبەسەرچوو ئەنجام دەدات، ئاشكرا بكرێت و لەهۆكارەكانی ڕاگەیاندنەكانەوە بڵاوبكرێتەوە، بۆئەوەی لەلای هاونیشتمانیان بناسرێنەوە و ببنە وانەیەك بۆ كەسانی تر.
زۆر گرنگە كڕیار لەم مانگەدا زیاتر چاوكراوە و هۆشیارتر بێت لەكاتی كڕینی پێداویستیەكانی ڕۆژانەیدا، بەتایبەت لەڕووی ماوەی بەكاربردنی كاڵاكان و جۆرو كواڵیتی مادەخۆراكیەكان، هەروەها زیاد لەپێویست نەكرێت، چونكە لەلایەك نرخ بەرزدەكاتەوە و لەلایەك ڕێژەی بەفیڕۆدان و پاشماوە زیاتر دەكات.
بەئومێدی ئەوەی ئەم مانگە پیرۆزە، بەئارامی و بەخۆشی تێپەڕبكات و هەموولایەك سوودمەند بن لەمامەڵەو سەوداكاری بازاڕ.

 

“دۆزینەوەی تەرمی گەنجە خنكاوەكەی دەربەندیخان لە توانای تیمەكانی هەرێمدا نییە”
پێت “دۆزینەوەی تەرمی گەنجە خنكاوەكەی دەربەندیخان لە توانای تیمەكانی هەرێمدا نییە”
وەزارەتی تەندروستی لەبارەی دەوامەوە ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە
دوات وەزارەتی تەندروستی لەبارەی دەوامەوە ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە
پەیوەنیدر