كوژراو و بریندار لە هەردوولایەنی شەڕەكە هەیە
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پێنتاگۆن لە ڕاگەیەندراوێكدا كوژرانی بەڵێندەرێكی ئەمریكاییو برینداربوونی پێنج سەربازی دیكەی ئەمریكایی لە ئەنجامی هێرشێكی درۆنیدا لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕاگەیاند.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پێنتاگۆن ئاشكراشیكرد لەبەرامبەر ئەو هێرشە درۆنییەدا سەرۆكی ئەمریكا جۆ بایدن فەرمانیكردووە بە ئەنجامدانی هێرشێكی ئاسمانی لە دژی میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە باكووری سووریا بەتایبەت ئەو شوێنانەی هێرشە درۆنییەكەی لێوە ئەنجامدراوە.
ڕاشیگەیاندووە بایدن پێداگرە لەسەر پارێزگاری لە گەلی ئەمریكا و گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێكی پێویست بۆ بەرگری لەخۆكردن و وەڵامدانەوە لە هەموو كاتێكدا، هیچ هێرشێك بێ وەڵام نامێنێتەوە.
لە لایەكی دیكەوە ڕووانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەكەی ئەمریكا بۆ سەر مۆڵگەی میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە سووریا هەشت چەكدار كوژراون.
ئاماژەی بەوەشكردووە، میلیشیا ئێرانییەكان كێڵگەی نەوتی عومەریان لە پارێزگەی دێرزوور لە خۆرهەڵاتی سووریا كە هێزە ئەمریكاییەكانی تێدان بۆردوومانكردووە.
ئاشكراشیكردووە تا ئێستا فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا بە چڕی بەئاسمانی خۆرهەڵاتی سووریادا دەسووڕێنەوە و بارگرژییەكان لەگەڵ میلیشیا ئێرانییەكان لەشەوی ڕابردووەوە هەتا ئێستا درێژەی هەیە.
لای خۆیەوە فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی سووپای ئەمریكا ئەمڕۆ هەینی لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت وەڵامی هێرشەكەی میلیشیا ئێرانییەكان دراوەتەوە و ئەو شوێنەی هێرشەكەی لێكراوە، بۆردوومانكراوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە لە كاتی پێویست و دیاریكراودا وەڵامی هەر هێرشێك دەدەنەوە و بەرگری لە هێزەكانیان دەكەن، مانەوەی هێزەكانی ئەمریكاش لە سووریا بۆ جەنگی داعشە.