“ڕەوشی هەرێمی كوردستان لەداڕووخاندایە”
گۆڤاری فۆرین پۆلەسی كە بنكەكەی لە ئەمەریكایە لە ڕاپۆرتێكیدا لە ژێر ناونیشانی “ماڵە كارتۆنییەكەی هەرێمی كوردستان لە داڕماندایە” باس لە نایەكسانی، نەبوونی ئازادی و دادپەروەری و جیاوازی چینایەتی لە نێو دانیشتوانی هەرێم دەكات و دەڵێت ” سەركردە حزبییەكان كە بەردەوام ئازادی ڕادەربڕینی هاووڵاتیان ڕەتدەكەنەوە، دامەزراوە سیاسییەكانی هەرێمەكەیان تێكشكاندووە.”
هەروەها دەشڵێت ” نایەكسانی ئابووری و نەبوونی دەرفەت” وای كردووە كە خەڵكی لە پێناو دۆزینەوەی ژیانێكی باشتر كۆچ بكەن بۆ دەرەوەی وڵات.
لە ڕاپۆرتەكەی كە لەلایەن نوسەر وینترپ ڕاجەرس نوسراوە هاتووە “ژیانی ڕۆژانەی زۆربەی كوردەكانی عێراق بەتایبەتی لە شارە بچوكەكانی وەك چەمچەماڵ زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەو دەستەبژێرەی كە نزیكن لە حزبەكانەوە و لە شوێنە گرانبەهاكان لە هەولێر و سلێمانیدا دەژین. ئەم جیاوازییە زۆرجار لەلایەن دیپلۆماتكار و سەردانیكەرانی ڕۆژئاواییەوە چاوپۆشی لێدەكرێت كە بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی حزب و سەركردەكانی بازرگانی و گەنجانی خوێندەوار لە زانكۆ ئەهلییەكاندا كۆدەبنەوە.”
ڕاپۆرتەكە ئاماژە بەوەش دەكات دەسەڵات لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و لەلایەن یەكێتی نیشمانی كوردستان لە سلێمانی قۆرخ كراوە. باس لەوەش دەكات هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش لە هەر زۆنێك سەر بە حزبی دەسەڵاتدارن.
ڕۆژنامەوان نیاز عەبدوڵا بە گۆڤاری فۆرین پاڵیسی ڕاگەیاندووە بە پێی یاسای هەرێمی كوردستان ” نابێت پارتە سیاسییەكان هێزی چەكدارییان هەبێت. بەڵام پەیڕەوكردنی ئەم یاسایە پشتگوێ خراوە.” ئەو دەشڵێت ” هەر كاتێك ناكۆكی لە نێوان پارتە سیاسییەكان دروست دەبێت مەترسی هەڵگیرسانی شەڕی چەكداری دروست دەبێت.”
ئەمە لە كاتێكدایە بەرپرسانی هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم هەمیشە ئەگەری شەڕی چەكدارییان بە دوور زانیوە و بەم دواییە لە میانەی دیداری هەولێر سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی جارێكی تر جەختی لەوە كردەوە كە یەكێتی و پارتی ئەو قۆناغەیان تێپەڕاندووە و هەرگیز ناگەڕێنەوە ئەو قۆناغە.
لەوبارەیەوە ڕاپۆرتەكەی فۆرین پۆلەسی دەڵێت “هەم پارتی دیموكراتی كوردستان و هەمیش یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئازادی ڕادەربڕین لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا بەرتەسك دەكەنەوە، ڕێگری لە دەربڕینی ناڕەزایەتی دەكەن. ڕۆژنامەنووسانی كوردی عێراق بە بەردەوامی دەستگیر دەكرێن یان بە شێوەیەكی تر ڕێگرییان لێدەكرێت بۆ ڕووماڵكردنی هەواڵەكان. ڕێكخراوێكی چاودێری ناوخۆیی ساڵی ڕابردوو لانیكەم 431 سەرپێچی تۆمار كردووە.”
دوای نڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاش لەسەر پراكتیزەكردنی مافی مرۆڤ لە ساڵی 2022 لە جیهاندا، لەبەشی عێراقدا باسی هەرێمی كوردستانیشی كردووە و ئاماژە بەوە دەكات كە پارتی و یەكێتی هەر یەكەو یەكەیەكی هێزی پێشمەرگە كۆنترۆڵ دەكەن و هێزی جیاوازی پۆلیسیشیان هەیە كە وەزارەتی ناوخۆ كەمترین دەسەڵاتی بەسەریانەوە هەیە.
ئاماژەی بەوەش كردبوو بە پێی ڕێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤ هێزەكان زۆربەی جار یاساكان پێشێل دەكەن. هەروەها باس لە پێشێلكارییەكانی دژ بە ڕۆژنامەوانان و دەستگیركردنیان و جیاوازی كردن لە دەستڕاگەیشتنی كەناڵەكان بە زانیارییەكان دەكات.
لە بەرامبەردا نوسینگەی ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا ڕایگەیاند ” لە هەرێمی كوردستان ئەوپەڕی ئازادی بیروڕا و ئازادی ڕاگەیاندن هەیە و سەدان دەزگای ڕاگەیاندنی جۆراوجۆی ڕاگەیاندن هەن كە بە ئازادی كاری خۆیان دەكەن و زۆربەشیان رەخنەگری دەسەڵاتن و یاسا و رێنمایی و میكانیزمەكانی حكومەتی هەرێم لە بواری ئازادی بیرو ڕا و ئازادی ڕاگەیاندن، ڕوون و ئاشكران بەڵام راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پشت بە چەند سەرچاوەیەكی نافەرمی و دەزگای میدیایی دەبەستێت كە هەڵوێستەكانیان سیاسین و خۆیان دژی ئەم دەسەڵاتەن و ئۆپۆزیسیۆنی سیاسین و دەیانەوێ بۆ مەرام و ئامانجی سیاسی خۆیان ڕاستییەكان بشوێنن.”
سەبارەت بە دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان نوسینگەكەی دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت “دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكان لە هەرێمی كوردستان لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە سەرپەرشتی دەكرێن كە دامەزراوەیەكی حكومەتی هەرێمە و بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێم و ئەرك و بەپرسیاریەتییەكانی لەسەر بنەمای لامەركەزی بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دابەشكراوە هاوكات پابەندە بە چەسپاندنی سیاسەتێكی ئەمنی یەكگرتوو.”
سەرچاوە/voa