دوای چەند مانگێك لە ڕزگاركردنی بەشێك لە بەرەی شەڕەكە لە دەستی هێزەكانی ڕووسیا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكراینا سەردانی بەرەی شەڕ دەكات لە ناوچەی خێرسۆن.
ئەمڕۆ پێنج شەمممە، زێلێنسكی لە میانی سەردانەكەی بۆ خێرسۆن ڕایگەیاند “زۆرێك لە ماڵ و دامەزراوە و ژێرخانەكان لە ئەنجامی دەستدرێژی ڕووسیادا زیانیان بەركەوتووە، بەڵام خزمەتگوزارییەكانی كارەبا و ئاو نۆژەن كراونەتەوە، كلینیكێكی پزیشكی ئاوەدان كراوەتەوە و دانیشتووان دەگەڕێنەوە ناوچەكە”.
بە وتەی سەرۆكی ئۆكراینا”لەگەڵ دانیشتووانی شارەكە قسەم كرد سەبارەت بە كێشە و پێداویستییەكانی ئێستایان، ئێمە هەموو شوێنێك نۆژەن و ئاوەدان دەكەینەوە، هەموو شارۆچكە و گوندێك كە بەدەست داگیركەرانەوە زەرەرمەند بوو، ڕزگاردەكەین”.
هێزەكانی ڕووسیا پێش ئەوەی بكشێنەوە بۆ كەناری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دنیپرۆ، بەشێكی زۆری ژێرخانی وزەی خێرسۆنیان وێرانكرد، دوای تێپەڕینی چەند مانگێك، هێشتا بەهۆی تۆپبارانی هەردوولاوە، تۆڕی وزەی ناوچەكە تێكچووە و تیمە خزمەتگوزارەكان ناپەرژێنە سەر چاككردنەوەی.
زێلێنسكی سەردانی یەكێگ لە دامەزراوەكانی وزەی كرد لە ناوچەكە و ڕایگەیاند”گفتووگۆمان لەسەر فەراهەمكردنی كارەبا كردووە، لەو ناوچانەی لە چنگی داگیركەر ڕزگاركراون، بۆیە دەستكراوە بە چاككردنەوەی ئەو كەرەستانەی بەهۆی بۆردومانەكانی ڕووسیاوە زیانیان بەركەوتووە، دەبێت كەرتی وزەی وڵاتەكەمان بپارێزین”.