ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم زۆر باش دەتوانێت دەست بە پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران بكات، بەهۆی ئەو داهاتەی مانگانە دەستی دەكەوێت، دەشڵێت: “كۆی گشتی داهاتەكانی نەوتی هەرێم نزیك دەبێتەوە لە 600 بۆ 700 ملیۆن دۆلار جگە لە داهاتی ناوخۆ”.
كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، كە پەیامنێری (خەڵك) ئامادەی بوو رایگەیاند، بەداخەوە لە كاتی ئێستادا بڕیارێك دەركراوە لە ئەنجوومەنی ڕاژەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران مەرجدار بێت، پێمانوایە كە ئەمە غەدرێكی گەورەیە لە فەرمانبەران دەكرێت و دەستی حزب تێكەڵ بە پلەبەرزكرنەوەی فەرمانبەران دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بە جێبەجێكردنی بڕیارەكە، واستە و واستەكاری تێدەكەوێت.
وتیشی، “لە كاتی ئێستادا حكومەت داهاتی تەواوی لە بەردەستە بۆ پلە بەرزكردنەوەی سەرجەم فەرمانبەران بەبێ مەرج، بەڵام لە ساڵی 2016وە حكومەت غەدر لە فەرمانبەرانی خۆی دەكات، بۆیە ئێمە وەك پەرلەمانتاران كار دەكەین بۆ ڕاگرتنی ئەم جۆرە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بە مەرج، بەڵكو دەبێت بەبێ هیچ جۆرە مەرجێك پلەی سەرجەم فەرمانبەران بەرزبكرێتەوە”.
ڕاشیگەیاند، داهاتەكانی هەرێم لە كێڵگەی خورمەڵە 400 ملیۆن دۆلار، كێڵگەكانی دیكە 250 ملیۆن دۆلار و كۆی گشتی داهاتەكانی نەوتی هەرێم نزیك دەبێتەوە لە 600 بۆ 700 ملیۆن دۆلار، هەروەها كۆی گشتی داهاتی ناوخۆ دەگاتە 200 بۆ 300 ملیار دینار، لە كاتێكدا بۆ مووچەش حكومەت تەنها پێویستی 900 ملیار دینارە.