بەدەستڕێژی هێزە ئەمنییەكان كەسێك كوژرا
هاووڵاتییەكی كورد بە ناوی “بێهزاد عەزیزی” تەمەن ١٩ ساڵ، خەڵكی گوندی “دەرگای شێخان” سەر بە شاری بانە بە تەقەی هێزەئەمنییەكانی حكوومەتی ئێران گیانی لەدەستدا.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە ئاژانسی كوردپای ڕاگەیاند، بێهزاد عەزیزی لە كاتی گەڕانەوەی بۆ شوێنی ژیانی خۆی لە گوندی “دەرگای شێخان” لە ڕیگای بانە – بوین لە خاڵی پشكنینی “كەریم ئاوا” كە لەم دواییانەدا و دوابەدوای ناڕەزایەتییەكان دانراوە، بە بێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت كراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانی حكوومەت و گیانی لەدەستداوە.
ئەو سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: لەم ڕووداوەدا چەند گولـلە بەر سەر و لاشەی ئەم لاوە كەوتووە.
دەشڵێت: پاش ئەم ڕووداوە هاووڵاتییانی ناڕازی هێرشیان كردووەتە سەر پاسگای “كەریم ئاوا” و ئاگریان تێ بەرداوە.
تەرمی بێهزاد عەزیزی بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانە گوازراوەتەوەو تاكوو ئێستا ڕادەستی بنەماڵەكەی نەكراوە.
لەلایەكی دیكەوە كۆڵبەرێك بە ناوی “حوسێن خەندانی” خەڵكی مەریوان بە تەقەی هێزە ئەمنییەكانی حكوومەت لە سنووری “هەنگەژاڵ”ی بانە بریندار بوو.
هێزە ئەمنییەكانی حكوومەت بە بێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت تەقەیان لەم كۆڵبەرە كردووە.
ئەم كۆڵبەرە بەمەبەستی چارەسەری پزیشكی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبیی بانە كراوە و ئێستا لەژێر چاودێریی تایبەتدایە.