یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە چاوەڕوان دەکرێت لەم ساڵدا ئەنجام بدرێت، ئامادەیە لەگەڵ هەر لایەن و کەسایەتییەکی ئۆپۆزسیۆندا هاوەپەیمانێتی ببەستێت بێجگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشمانی کوردستان.
بەرپرسێکی باڵای ئەو حزبە بە دەنگی ئەمەریکای گوت هەتا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکیان لەو بارەیەوە نەکردووە.
محەمەد ئەحمەد، بەرپرسی دەستەی باڵای چاودێری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە وتووێژێکیدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، “ ئێمه هیچ ڕێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێکدا نییه، به‌ڵام ئاماده‌ین له‌ده‌ره‌وه‌ی دوو هێزی ده‌سه‌ڵات هه‌ر كه‌سێک ئاماده بێت پێكه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوو لیستێكی ئۆپۆزیسیۆنی به‌هێز دروست بكه‌ین. ئێمه ئاماده‌ین. “
محەمەد ئەحمەد وتیشی” هێشتا زووه ئەو دەستپێشخەرییە بەفەرمی بخەینە بەردەم لایەن و کەسایەتییەکان، چونكه چاوه‌ڕێی هه‌موواری یاساكه‌ین، چاوه‌ڕێی ڕێككه‌وتن یان نوێكردنه‌وه‌ی كۆمیسیۆنین، چاوه‌ڕێی پاككردنه‌وه‌ی لیستی ده‌نگده‌ره‌كانین. هێشتا بواری ئیشكردن ماوە. “
محەمەد ئەحمەد ئەوەشی وت“ ئێمه ته‌نها ڕامانگه‌یاندووه، هه‌ركه‌سێكیش بڵێت ئاماده‌ین ده‌چین دانوستانی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین هه‌تا ڕێكبكه‌وین بۆ هاوپەیمانێتییەکە. “
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2009دا هاوپەیمانێتییەک پێکهات بەناوی لیستی خزمەتگوزاری و چاکسازی لە نێوان یەکگرتووی ئیسلامیی، کۆمەڵی دادگەری، کە ئەو کات ناوی ئیسلامی بوو، و حزبی سۆسیالیست و زەحمەتکێشان کە ئەوکات ناوی حزبی ئایندەی کوردستانی سەربەخۆ بوو.
لە هەڵبژاردنەکەدا زیاتر لە 240 هەزار دەنگیان بەدەستهێنا کەدەکاتە نزیکەی 12.5% ی دەنگەکان و 14 کورسییان مسۆگەر کرد.
بەڵام لەدوای ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هاوپەیمانێتییەکە هەڵوەشایەوە و جگە لە حزبی سۆسیالیست کە بەشداری لە حکومەتی هەرێم کرد ئەوانی دیکە چوونە بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە.
دەربارەی ئەزمونی یەکگرتوو لەم هاوپەیمانێتییەدا، محەمەد ئەحمەد گوتی مەبەستیان ئەوەبوو ئەوان لەسەر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نەک ئایدۆلۆجیا مامه‌ڵه دەکەن.
وتیشی“ ئێمه كۆمه‌ڵێک لایه‌ن بووین به ئایدۆلۆجیا و دینی جیاجیا ته‌نانه‌ت ئیسلامی و مه‌سیحی. هه‌موو پێكه‌وه یه‌كه‌مجار به‌ره‌یه‌كمان هه‌بوو حزبه كوردستانیه‌كانی به‌شدار له حكومه‌ت، به‌ڵام دواجار ویستمان بیكه‌ین به هاوپه‌یمانی ئۆپۆزیسیۆنی. ئێستاش په‌یاممان ئه‌وه‌یه بۆ لایه‌نه‌كان ئۆپۆزیسیۆنێک بین كه بتوانین فشار دروست بكه‌ین به‌ره‌و چاكسازی.”
هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان
لەدوای درێژکردنەوەی خولی کارکردنی پەرلەمان لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو بۆ ماوەی یەک ساڵ، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بڕیاری بایکۆتکردنی پەرلەمانی کوردستانی دا.
لەسەرەتای ئەم مانگەشدا بەتەواوی ئەندامەکانی کشاندەوە و ڕایگەیاند هیچ کادیرێکی یەکگرتوو ئەو کورسییانە پڕناکاتەوە. لە بەرامبەردا بزوتنەوەی ئیسلامی ڕایگەیاند ئەوان کورسییەکانی یەکگرتوو وەکو “ئەرکێکی شەرعی” پڕ دەکەنە.
لە ئێستاشدا یەکێک لەو بابەتانەی جێگەی مشتومڕی لایەنە سیاسییەکانە لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم، بریتییە لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە ناو پەرلەمانی هەرێمدا.
سەبارەت بەمە محەمەد ئەحمەد وتی حزبەکەی لە ڕێگه‌ی یاسایی وسیاسی و ڕاگه‌یاندن و جه‌ماوه‌ره‌وه فشار دەکات. ڕایگەیاند کە ئامانجی فشارەکان ئەوەیە “بتوانرێت یاسایه‌ک بێت كه به‌ڕاستی خه‌ڵک دڵی پێخۆش بێت و متمانه‌ی به هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ دروست ببێته‌وه. “
د. محەمەد ئەحمەد ئەوەشی وت“ یه‌كێک له سیماكانی دیموكراسیه‌ت هه‌ڵبژاردنه. به‌ڵام ئێستا به‌جۆرێک هه‌ڵبژاردن بێ متمانه كراوه لای خه‌ڵک. هیوادارین ئه‌و متمانه‌یه بگه‌ڕێته‌وه و خه‌ڵک به‌جددی متمانه‌یان به سندوقه‌كانی ده‌نگدان هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی گۆڕانكاریه‌كی ئیجابی و گه‌شه‌یه‌ک به پرۆسه‌ی سیاسی بده‌ن. “
گوتیشی“ ئێمه هه‌موو هه‌وڵێک ده‌خه‌ینه‌كار كه هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت و به میكانیزم و یاسایه‌ک ئه‌نجام بدرێت كه جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی و دڵخۆشبوونی خه‌ڵک بێت هه‌تا خه‌ڵک پرۆسه‌كه به هی خۆی بزانێت و به‌جدی بچێته سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان. “