یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەڵێت بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، كە چاوەڕوان دەكرێت لەم ساڵدا ئەنجام بدرێت، ئامادەیە لەگەڵ هەر لایەن و كەسایەتییەكی ئۆپۆزسیۆندا هاوەپەیمانێتی ببەستێت بێجگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
محەمەد ئەحمەد، بەرپرسی دەستەی باڵای چاودێری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە وتووێژێكیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا ڕایگەیاند، ” ئێمە هیچ ڕێككەوتنمان لەگەڵ هیچ لایەنێكدا نییە، بەڵام ئامادەین لەدەرەوەی دوو هێزی دەسەڵات هەر كەسێك ئامادە بێت پێكەوە لەگەڵ یەكگرتوو لیستێكی ئۆپۆزیسیۆنی بەهێز دروست بكەین. ئێمە ئامادەین. ”
محەمەد ئەحمەد وتیشی” هێشتا زووە ئەو دەستپێشخەرییە بەفەرمی بخەینە بەردەم لایەن و كەسایەتییەكان، چونكە چاوەڕێی هەموواری یاساكەین، چاوەڕێی ڕێككەوتن یان نوێكردنەوەی كۆمیسیۆنین، چاوەڕێی پاككردنەوەی لیستی دەنگدەرەكانین. هێشتا بواری ئیشكردن ماوە. ”
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2009دا هاوپەیمانێتییەك پێكهات بەناوی لیستی خزمەتگوزاری و چاكسازی لە نێوان یەكگرتووی ئیسلامیی، كۆمەڵی دادگەری، كە ئەو كات ناوی ئیسلامی بوو، و حزبی سۆسیالیست و زەحمەتكێشان كە ئەوكات ناوی حزبی ئایندەی كوردستانی سەربەخۆ بوو.
لە هەڵبژاردنەكەدا زیاتر لە 240 هەزار دەنگیان بەدەستهێنا كەدەكاتە نزیكەی 12.5% ی دەنگەكان و 14 كورسییان مسۆگەر كرد.
بەڵام لەدوای ئەنجامەكانی هەڵبژاردن هاوپەیمانێتییەكە هەڵوەشایەوە و جگە لە حزبی سۆسیالیست كە بەشداری لە حكومەتی هەرێم كرد ئەوانی دیكە چوونە بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە.
دەربارەی ئەزمونی یەكگرتوو لەم هاوپەیمانێتییەدا، محەمەد ئەحمەد گوتی مەبەستیان ئەوەبوو ئەوان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی نەك ئایدۆلۆجیا مامەڵە دەكەن.
وتیشی” ئێمە كۆمەڵێك لایەن بووین بە ئایدۆلۆجیا و دینی جیاجیا تەنانەت ئیسلامی و مەسیحی. هەموو پێكەوە یەكەمجار بەرەیەكمان هەبوو حزبە كوردستانیەكانی بەشدار لە حكومەت، بەڵام دواجار ویستمان بیكەین بە هاوپەیمانی ئۆپۆزیسیۆنی. ئێستاش پەیاممان ئەوەیە بۆ لایەنەكان ئۆپۆزیسیۆنێك بین كە بتوانین فشار دروست بكەین بەرەو چاكسازی.”
محەمەد ئەحمەد ئەوەشی وت” یەكێك لە سیماكانی دیموكراسیەت هەڵبژاردنه. بەڵام ئێستا بەجۆرێك هەڵبژاردن بێ متمانە كراوە لای خەڵك. هیوادارین ئەو متمانەیە بگەڕێتەوە و خەڵك بەجددی متمانەیان بە سندوقەكانی دەنگدان هەبێت بۆئەوەی گۆڕانكاریەكی ئیجابی و گەشەیەك بە پرۆسەی سیاسی بدەن. “