پێكهاتە عەرەب و توركمان لە كەركوك، یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان بەپێی سیستمی “سانت لیگۆ” ڕەتدەكەنەوە، بەبێ ئەوەی هەمواركردنەوەی نوێى (مادەی 35)ی بۆ بكرێت كە پەیوەندی بە پشكنینی تۆماری دەنگدەرانەوە هەیە لە پارێزگاكە.
عەرەب و توركمانەكان لە كەركوك لە میانی كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، “لە كاتێكدا پێكهاتەكان كە پێكەوەژیانیان دەوێت لە كەركوك، چاویان لە بەكارهێنانی مافە دیموكراتیەكانیانە بۆ یەكەمجار لە دوای ساڵی 2005ەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا، عەرەب و توركمان لە كەركوك ڕەتكردنەوەی یەكجارەكی خۆیان بۆ دەركردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەن ڕادەگەیەنن، تا ئەو دەمەی (مادەی 35) هەمواری نوێی بۆ دەكرێت كە پەیوەندی بە پشكنینی تۆماری دەنگدەرانەوە هەیە لە پارێزگاكە”.
عەرب و توركمانی كەركوك دەڵێن”پارێزگاری كەركوك لە ساڵی 2005ەوە هیچ پرۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگا نەكردووە، بەهۆی سیاسەتەكانی گۆڕانی دیمۆگرافی بە سەپاندنی ئیرادەیەكی سیاسی تاكلایەنە، بەتایبەتی دوای ئەوەی زیادكردنی نزیكەی 300 هەزار كەس لە پارێزگاكانی دیكەوە لە داتاكانی ساڵی 1999 سەلمێندرا، وەزارەتی بازرگانی (كارتی بەشەخۆراكی) لە تۆماری دەنگدەران پەسەندی كرد، ئەمەش بووە هۆی گۆڕانكاری دیمۆگرافی لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای كەركوك و لە بەرژەوەندی یەك نەتەوە بوو”.
عەرەب و توركمانی كەركوك داوایان لە فراكسیۆنە سیاسییەكانی ناو پەرلەمانی عێراق كرد،” دەستكەوتە نیشتمانییەكان بپارێزن و مادەی (35) كە بە ڕێككەوتن لەگەڵ سەرجەم پێكهاتەكانی پەرەی پێدراوە بۆ ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی پرۆسەی هەڵبژاردن لە كەركوك جێبەجێ بكەن، لەگەڵ پەسەندكردنی كارتی دەنگدانی نیشتمانی و داتاكانی وەزارەتی بازرگانی (كارتی بەشەخۆراكی)، لەپێناو لابردنی هاوڵاتیانی پارێزگاكانی تر لە تۆماری دەنگدەران لە كەركوك و بەشداریكردنی تەنیا ئەوانەی خەڵكی كەركوكن”.
لە كۆنفرانسەكەیاندا عەرەب و توركمان هۆشدارییاندا لە گەمەكردن بە ئاسایش و سەقامگیری پارێزگای كەركوك و پێكەوەژیانی پێكهاتەكان، داواشیان كرد” ڕێگە بە خەڵكی كەركوك بدرێت بەشێوەیەكی ئازاد و دادپەروەرانە مافە دیموكراتییەكانیان بەكاربهێنن، لەڕێی هەڵبژاردنێكی بێخەوش و پشكنینی تۆماری دەنگدەران و ڕێكخستنەوەی فەرمانگەی هەڵبژاردنی كەركوك، كە لە ساڵی 2005ەوە تا ئێستا لەلایەن یەك نەتەوەوە كۆنترۆڵكراوە، بۆیە پێكهاتە عەرەب و توركمان سەرپشكن لە گرتنەبەری ڕێگەچارە دەستورییەكان، لەبەرامبەر هەر بڕیارێكی تاكلایەنە كە پێچەوانەی دەستور و دیموكراتی بێت”.