وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەر مەراسیمێك لەناو مزگەوت بكرێت، وەك پێشبڕكێ و وانە وتنەوە، دەبێ بەرەزامەندی وەزارەتی ئەوقاف بێت، دەشڵێت،” 10 شەوی كۆتایی مانگی رەمەزان رێدەدرێت دەرگای مزگەوتەكان 12ی شەو تا بەیانی كراوەبن، بە مەرجێك مامۆستای مزگەوتەكە رازی بێت”.
وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرە رۆژنامەوانیدا ڕێنمایی تایبەت بە مانگی پیرۆزی ڕەمەزانی بڵاوكردەوە ڕایگەیاند، تەنیا مامۆستای ئاینی و كەسی رێگەپێدراو بۆیان هەیە پێشنوێژی تەراویح بكەن و چالاكی لە مزگەوت ئەنجامبدەن.
ڕایگەیاند، پێویستە سەرجەم مزگەوتەكان و ئەو كەناڵانەی بانگ پەخش دەكەن پابەند بن بە ئیمساكییەی فەرمی مانگی ڕەمەزان، كە لە وەزارەتەكەیانەوە دەرچووە، هەركەس واینەكرد رێوشوێنی لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر.
ئاماژەبۆ ئەوەشكرا، كە مامۆستایانی ئاینی 15 بۆ 20 خولەك دوای نوێژی خەوتنان ئینجا نوێژی تەراویح ئەنجام بدەن، نابێ تەراویح سەخڵەتی دروست بكات و ركاتەكانی زۆر بێت، هەروەها هەر مەراسیمێك لەناو مزگەوت بكرێت، وەك پێشبڕكێ و وانە وتنەوە، دەبێ بەرەزامەندی وەزارەتی ئەوقاف بێت.
ئەوەشخراوەتەڕوو،كە 10 شەوی كۆتایی مانگی رەمەزان رێدەدرێت دەرگای مزگەوتەكان 12ی شەو تا بەیانی كراوەبن، بە مەرجێك مامۆستای مزگەوتەكە رازی بێت و ئەنجومەنی باڵاش لە وەزارەتی ئەوقاف بڕی كەفارەی بەرۆژوو نەبوون و سەرفترە دیاری دەكات.
هاوكات داواشی لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن كرد ، ئەوانەی پرۆگرامی ئاینیان دەبێت، تەنیا پشت بە مامۆستای پسپۆڕ ببەستن.